سزاکان قورسن
سەرپێچییەکانی سەر ئاوی راپەڕین کەمتر بوون لە 20 حاڵەت
964+
پێشەوا محەمەد
ئاوی راپەڕین رایدەگەیەنێت، لە ساڵی 2023ـدا کەمتر لە 20 حاڵەتی سەرپێچییان هەبووە، بەڵام بەڕێوەبەرەکەی دەڵێت، لایەنی عەشایەری لە ناوچەکە زاڵە و ئیجرائات کەمتر دەکرێت.
ئەو سەرپێچییانەی تۆمار کراون بریتی بوون لە هاوبەشینەکردن، کونکردنی بۆریی سەرەکی و گۆڕینی رووبەری بۆرییەکان بە گەورەتر.
سەلام عومەر، بەڕێوەبەری ئاوی راپەڕین بە 964ـی راگەیاند، ئیجرائاتەکان وەک پێویست نەبوون لە رابردوودا و بە پێی کولتووری سنوورەکە سەرپێچییەکان عەشایەریانە چارەسەر کراون.
وتیشی، “ئەو 20 حاڵەتە ئێمە لێپرسینەوە و سزای یاساییمان داون و بەردەوامیش دەبین لە بڕینی هەرسەرپێچییەک لە هەرشوێنێک کە بکرێتە سەر تۆڕی ئاوی گشتی”.
%60ـی ئاوی سنوورەکە لە رێگەی چەند پڕۆژەیەکەوە دابین دەکرێت و ئەوەی دەمێنێتەوە لە رێگەی زیاتر لە 400 بیری سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی راپەڕینەوە دابین دەکرێت.
“سزای سەرپێچیکردنی ئاو قورسە و دەبێت هاوڵاتیان ئاگادار بن، کە لە 250 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات تا دەگاتە 25 ملیۆن دینار”، ئەوەش قسەی سەلام عومەرە.