400 بیر لە سنوورەکە هەیە
بیری ئاوەکانی ئیدارەی راپەڕین لە زیادبووندان
964+
پێشەوا محەمەد
لە ئیدارەی راپەڕین جگە لە سەرچاوە ئاوییەکان کە لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاوەوە بەڕێوە دەبرێن، 400 بیریش هەیە ئاوی بۆ هاوڵاتیان پێ دابین دەکرێت.
سنوورەکە زیاتر لە 110 هەزار هاوبەشی ئاوی هەیە و ژمارەی دانیشتوانەکەی لە 220 هەزار کەس زیاترە.
سەلام عومەر، بەڕێوەبەری ئاوی راپەڕین بە 964ـی راگەیاند، بەبێ ئەو بیرانە ناتوانن ئاوی خواردنەوە بگەیەنن بە هەموو ماڵەکانی سنووری ئیدارەی راپەڕین.
دەشڵێت، بەهۆی زیادبوونی گەڕەکی نوێوە ناتوانن تۆڕی ئاوی نوێ رابکێشن و بەردەوام بیری نوێ بۆ گەڕەکە نوێکان لێدەدەن.
لە ئیدارەی راپەڕین جگە لە پڕۆژەی ئاوی خاس و دەربەندی رانییە و بەنداوی سەروچاوە و قولەی رانییە، بۆ دابینکردنەوەی ئاوی خواردنەوەی ماڵان پشت بەو بیرانە دەبەسترێت.
بە وتەی بەڕێوەبەری ئاوی راپەڕین، ئەو بیرانە ئاوی زیاتر لە 40%ـی دانیشتوانی ئیدارەی راپەڕین دابین دەکەن.
ئەو بیرانە سەر بە بەڕێوەبەرایەتی ئاوی راپەڕینن و جگە لەوانەش سەدانی دیکە هەن کە هاوڵاتیان بە مۆڵەت و بێ مۆڵەت لێیانداون.