عەلی شاخەوان یاریزانی یانەی هەولێر. وێنە:یانەی هەولێر.
کوڕە فەقیرم پارەى پێشەکییەکەم بدەنێ
عەلى شاخەوان سێ رۆژ مۆڵەت بە یانەى هەولێر دەدات
964+
وریا فەتاح
عەلى شاخەوانى یاریزانى یانەى هەولێر، سێ رۆژ مۆڵەت بە یانەکەى دەدات و دەڵێت: ئەگەر پارەى پێشەکییەکەم نەدەنێ هەڵوێستم دەبێت.
عەلى شاخەوان، یاریزانى یانەى هەولێر بە 964ى وت،”بە شایەدى هەمووان ساڵى رابردوو یەکێک بووم لە باشترین یاریزانەکانى یانەى هەولێر، بۆیە دەمەوێت هۆکارى ئاستى خراپى خۆم و تیپەکەمان باس بکەم”.
یاریزانەکەى یانەى هەولێر دەڵێت: کوڕە فەقیرم، من خەونى گەورەم هەیە و دەمەوێت پێى بگەم، من کە رێککەوتم لەگەڵ یانەى هەولێر، سەرەتاى وەرز بە منیان وت کە 15 رۆژى دیکە بڕە پارەى پێشەکى خۆت وەردەگریت، بەڵام تائیستا یەک دینارم وەرنەگرتووە.
“زیاتر لە پێنج مانگە خۆمم گرتووە و لەبەر هاندەرانى خۆشەویستى هەولێر، بەڵام بەخوا کە جام پڕبوو لێى دەڕژێت، من ئەگەر یانەى هەولێر پارەم نەداتێ ئەى کێ بمداتێ، چونکە تۆپى پێ ئیشى سەرەکى عەلى شاخەوانە، تائێستاش بە پاس و تاکسى هاتووچۆ دەکەم و دۆخى خۆشم بۆ دەستەى کارگێڕى یانەکە رونکردووەتەوە”، عەلى شاخەوان واى بە 964 وت.
عەلى شاخەوان دواین مۆڵەت بە یانەى هەولێر دەدات و دەڵێت: ئەگەر لەماوەى سێ رۆژدا وەڵامم نەدەنەوە هەڵوێستم دەبێت، چونکە یان دەبێت پێشەکى پارەکەم بدەنێ، یان رێگەم بدەن یانەکە جێبهێڵم.
یاریزانەکە چەند بۆندێکى پێشکەشکراوە، بەڵام ئەو دەیەوێت ئەگەر یانەى هەولێر پێشەکییەکەى بدەنێ لە یانەى هەولێر بمێنێتەوە.
بڕى پارەى پێشەکییەکەى چەندە کە لاى یانەى هەولێرە، ئەمە پرسیارى 964 بوو بۆ عەلى شاخەوان، بەڵام ئامادە نەبوو بڕى پارەکە ئاشکرا بکات و دەڵێت: ناکرێت ئەو بڕە اشکرا بکەم.