سەمەد جەوهەری راهێنەری یانەی هەولێر.
بێتاقەتە
سەمەد جەوهەر هێرشی تووند دەکاتە سەر دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێر
هێژا خەسرەو ـ هەولێر
راهێنەرى دەستلەکارکێشاوەى یانەى هەولێر، بێتاقەتە و هێرشى توند دەکاتە سەر دەستەى کارگێڕى یانەکە.
چەند رۆژێک پێش ئێستا بەهۆی ئەنجامە خراپەکانییەوە، سەمەد جەوهەری راهێنەری یانەی هەولێری خولی کوردستان نامەی دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەشکرد و وازهێنانی لە یانەکەی راگەیاند.
لە لێدوانێکی تایبەتدا سەمەد جەوهەر بە 964ی راگەیاند: بەشێکی زۆری دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێر پێیان خۆشبوو دەستملەکارکێشایەوە، ئەوەی ئەوان باسی دەکەن دەڵێن نەماندەویست سەمەد بڕوات، هیچی راست نییە و هەمووی سیناریۆیە.
بەوتەى سەمەد جەوهەر، دەستەى کارگێرى یانەکە سەنگەریان لێى گرتووە و هیچ پاڵپشتییەکیان نەکرووە و وەکخۆى دەڵێت،” پێیان خۆشبوو کە یانەکەم جێهێشت”.
دەشڵێت: بەهۆی ئەم رووداوانەوە زۆر بێتاقەتم و پێشبینی ئەم شتانەم نەدەکرد کە هاتنە پێش، ئێستاش نازانم بۆ داهاتوو بڕیاری چی دەدەم، بەڵام رەنگە بەردەوامبم لە کاری راهێنەرایەتی هەر لەم وەرزەدا.
پێداچونەوە: وریا فەتاح