بەنزیخانەکان دەستیانپێکردووە
تا مانگی شەشی ئەمساڵ لە عێراق هەموو پارەدانێک دەبێتە ئەلیکترۆنی
964+
فەهمی نەبی
چەند مانگێکە حکومەتی عێراق بڕیاریداوە مانگی حوزەیرانی 2024 دوا وادەیە بۆ هەموو مامەڵەیەک بە پارەی کاش و دەبێت مامەڵەکان ببێتە ئەلیکترۆنی و وەزارەتی نەوت بەشێکی زۆری ئەو بڕیارەی جێبەجێکردووە.
حوسێن تاڵب بەڕێوەبەری کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی حکومەتی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندووە، فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان لە رۆژێکدا گەیشتووەتە 13 ملیار دینار، ئەمەش هەریەکە لە فرۆشتنی بەنزین لە بەنزیخانەکان، وەرگرتنی پارەی مۆلیدە، فرۆشتنی نەوتی سپی و غاز دەگرێتەوە.
بەڕێوەبەرەی بەرهەمە نەوتییەکان ئەوەشی وتووە، تا مانگی ئاداری ئەمساڵ دەبێت هەموو مامەڵەیەکی بەرهەمە نەوتییەکان لەناو عێراق بە ئەلیکترۆنی بێت، ئەمەش دوو سودی دەبێت، هاوڵاتیان دەزانن کە فێڵیان لەگەڵ نەکراوە، حکومەتیش دڵنیادەبێت لە پارێزگاریکردنی پارەی دەوڵەت.
لەساڵی 2023-ەوە عێراق دەستیکردووە بە ئەلیکترۆنیکردنی هەموو ئاڵوگۆڕێکی نەختینە و ئامێری POS بەسەر شوێنە بازرگانیەکان و هاوڵاتیان بەکارت دەتوانن کاڵا بکڕن و لە بەنزیخانەکان بە کارت پارەی کڕینی بەنزین بدەن.