حاسڵاتی ئەمڕۆی رووداوەکانی ناوچەکە
سوپای پاکستان ئامادەیە و شەڕیش لە لوبنان نزیکە
+964
ژووری هەواڵ
پاکستان بێدەنگ نەبوو وەک خۆی وەڵامی ئێرانی دایەوە، ئێرانیش نیگەرانە، ئەمڕۆ چاوی جیهانی لەسەر ئەم ناوچەیەیە.
دوای هێرشەکەی پاکستان بۆ سەر ئێران، وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت: یاداشتی ناڕەزایمان دا بە کار راپەڕێنەری باڵیۆزخانەی پاکستان لە تاران، داوای روونکردنەوەمان کردووە لەسەر ئەو هێرشە.
ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمنی پاکستانیەوە رایگەیاند: هێزەکانمان لەوپەڕی حاڵەتی ئامادەباشیدان، هەر سەرکێشییەکی ئێران زۆر بە توندی وەڵام دەدرێتەوە.
سەرۆکی پاکستان دەڵێت: دەستخۆشی لە هێزە ئەمنییەکان دەکەم کە شوێنی تیرۆریستانیان کردە ئامانج و وایانکرد هیچ هاوڵاتیەکی ئێرانی بەر هێرشەکە نەکەون.
وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت: داوا لە پاکستان و ئێران و عێراقی دۆست و برا دەکەین بارگرژییەکانیان هێور بکەینەوە، ئێمەش ئامادەین رۆڵی خێر بگێڕین.
سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل دەڵێت: ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕ لە سنووری لوبنان نزیکە، ئێستا ئەگەرەکە لەهەموو کات زیاترە، بەڵام نازانین بە دیاریکراوی کەی شەڕەکە دەست پێدەکات.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا 60 چەکداری فەڵەستینی لە غەزە کوشتووە، 40 لەو چەکدارانە لە ناوچەی خانیونس بوون، ئەو ناوچەیەی ئێستا شەڕە گەرمەکەی تێدایە.