بۆ پەتای وەرزییە
دوای چوار ساڵ ڤاکسینەکە گەیشتە خەلەکان
964+
بەرزان عوسمان – دوکان
لە ناحیەی خەلەکانی سەر بە قەزای دوکان داوا لە هاوڵاتیان دەکرێت سەردانی مەڵبەندی تەندروستی شەهید سەباحی خەلەکانی بکەن بۆ وەرگرتنی ڤاکسین.
ڤاکسینەکە بۆ ئەنفلەوەنزای وەرزیە و بۆ ئەو کەسانەیە کە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە یاخود کارمەندی تەندروستین یاخود ئەو ئافرەتانەی دوگیانن.
مەڵبەند حەمەد، لێپرسراوی مەڵبەندی تەندروستی خەلەکان بە 964ی وت، ئەو ڤاکسینە لە ئێستادا لە مەڵبەندەکەیان بەردەستە و هاوڵاتیان دەتوانن جگە لە رۆژانی هەینی و شەممە هەمو رۆژەکانی تر سەردانمان بکەن.
بە وتەی مەڵبەند حەمە، “لە ساڵی 2019 ەوە ئەو ڤاکسینەیان بۆ دابین نەکراوە بەڵام ئێستا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی بۆیان دابینکراوە و لە مەڵبەندەکەمان بەردەستە.”
” ئەوانەی کە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە زۆر پێویسته ئەو ڤاکسینە بەکاربهێنن بۆ ئەوەی بەرگری جەستەیان بەهێز بێت و ڤاکسینەکە لەتەمەنی شەش مانگ بەرەوسەر دەدرێت ئەم ڤاکسینە ساڵانەیە واتا تایەک ساڵ بەرگری دەدات”، مەڵبەند حەمەد وای وت.
پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر