حاسڵاتی رووداوە گەرمەکانی رۆژ
پەلامارەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر کاردانەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە
+964
ژووری هەواڵ
پەلامارەکەی ئێران بۆ سەر هەولێری خۆمان کاردانەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە و عێراقیش دەڵێت سکاڵای لێ دەکەم، بە گشتی گرژییەکانی ناوچەکە زیاد بووە.
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: لە رۆژی 7ی ئۆکتۆبەرەوە 152 کارمەندی نەتەوە یەکگرتووەکان کوژراون، ئەمەش گەورەترین خەسارەتە لە مێژوودا بەسەر رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتبێت.
کەناڵی 11ی ئیسرائیلی رایگەیاند: ئەم پێشنیوەڕۆیە زیاتر لە 50 موشەک لە غەزەوە ئاڕاستەی ئیسرائیل کراون، بەشێکیان کەوتوونەتە ناو خەڵک و بریندار هەیە.
ئیسرائیل خۆی ئامادە دەکات بۆ بڕیاردان لە بودجەی ئەو وڵاتە بۆ ساڵی 2024 کە بەشی هەرە زۆری بوجەکە بۆ شەڕ تەرخانکراوە، پێشتر بودجەی ئەمساڵ پەسەند کرابوو، بەڵام چەند ملیار دۆلارێک بۆ شەڕەکە زیاد دەکەن.
وەزیری بەرگری ئیسرائیل دەڵێت: لەلای ئێمە ساڵی 2024 ساڵی شەڕە و هەتا سەرکەوتنی تەواو بەدەست نەهێنین، ئەو شەڕە راناگرین، دەشزانین لەناوبردنی حەماس کاتی زۆری دەوێت.
وتەبێژی حوسییەکان دەڵێت: کەشتییەکی ئەمریکیمان لە نۆکەندی عەدەن کردووەتە ئامانج، دەشڵێت بەمەوە ناوەستین و تۆڵەی قورس لە ئەمریکا و بەریتانیا دەکەینەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند: هێرشی ئەمریکا بۆ سەر یەمەن هەڵەیەکی ستراتیژییە، ئەمریکا بەدەستی خۆی گرژی لە ناوچەکە زیاد دەکات.