لە سەر رێگای کەرکوک - دوبز

11سەربازی سوپای عێراق برینداربوون

964+

کاروان ساڵحی – کەرکوک

ژمارەیەک سەربازی سوپای عیراق لە کەرکوک بریندار بوون و برینی دوو لە سەربازەکان سەختە و سەرجەمیان رەوانەی نەخۆشخانەی کەرکوکی گشتی و ئازادی و  کەیوان کران.

بەیانی ئەمڕۆ دوشەممە، بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێکی سەربازییەوە لە کەرکوک 11 سەربازی سوپای عیراق بریندار بوون.

سەرچاوەیەک لە هەواڵگری فرقەی هەشتی سوپای عیراق بە 964ـی وت، بەیانی ئەمڕۆ لە رێگای نێوان گوندی چەغماغە و قەرەدەرە کە دەکەوێتە نێوان کەرکوک و قەزای دوبز ئۆتۆمبێلێکی سەربازی وەرگەڕا بە هۆیەوە 11 سەربازی فەوجی دوی لیوای 32ی  فرقەی هەشتی سوپای عیراقی بریندار بوون.

وتیشی، چوار لە بریندارەکان رەوانەی نەخۆشخانەی کەیوان کران و ئەوانەی دیکەش رەوانەی نەحۆشخانەی ئازادی و کەرکوکی گشتی کراون و برینی دوو لە سەربازەکان سەختە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی