پێدەچێت بە دەست دانرابن

لە ناو باخى هاووڵاتییەکدا ژمارەیەک مین پوچەڵکرانەوە

964+

وریا فەتاح

لەلایەن تیمى تەقاندنەوەى مینەوە، لەناو باخى هاوڵاتییەکى ناحیەى تەوێڵە، ژمارەیەک مین پوچەڵکرانەوە و سەرچاوەیەکیش ئەمنیش دەڵێت: ئەو مینانە بە دەست دانراون.

موحسین شێخ عەبدولکەریم، بەڕێوەبەرى گشتى کاروبارى مینى سلێمانى بە 964ى وت،”دوای ئەوەی لە لایەن ئاسایشی تەوێڵەوە پەیوەندی بە ژمارە 182ی دەزگای گشتی کاروباری مینەوە کرا و زانیارییان پێداین لەبارەی هەبوونی چەند مین و پاشماوەیەکی جەنگیی لەناو باخی هاوڵاتییەکدا، دەستبەجێ تیمی تەقاندنەوە گەیشتنە شوێنەکە و مینەکانیان پوچەڵکردنەوە.

مینەکان بریتى بوون لە، یەک گولە تۆپى 105 ملیم، سێ گولە هاوەنى 82 ملیم، 23 مین لە جۆرى “V69″، یەک مین لە جۆری “VS50”.

هەرچەندە بەڕێوەبەرى گشتى مینى سلێمانى دەڵێت: باران بارین و لافاوەکانى ئەمساڵ هۆکار بوون بۆ دەرخستنى ژمارەیەک زۆرى مین، بەڵام بەپێى سەرچاوەیەکى تایبەتى ئەمنى ناوچەکە کە بۆ 964 قسەى کردووە، ئەو مینانە بە دەست دەنراون و پێدەچێت پەیوەندى بە کێشەیەکەوە هەبێت.