زیاتر لە هەشت هەزار زەوی لە هەولێر تاپۆ دەکرێن

+964

فه‌رهاد حه‌سه‌ن – هه‌ولێر

زیاتر له‌ هه‌شت هه‌زار زه‌وی كارت، له‌ دوو كه‌رتى سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر تاپۆ ده‌كرێن، پێشتر ئه‌و كارتانه‌ له‌لایه‌ن تۆمارى خانوبه‌ره‌وه‌ تۆمارکرابوون.

زه‌وى كارت، پێناسه‌یه‌كه‌ بۆ ئه‌و زه‌ویانه‌ى له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌برى قه‌ره‌بوو دراونه‌ته‌ هاوڵاتیان و له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانى خانووبه‌ره‌وه‌ تۆمار نه‌كراون و نه‌كراونه‌ سه‌نەد.

ئه‌مڕۆ 5ی كانوونى دووه‌م، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە “وەکو چارەسەرێک بۆ كێشەی زەوییە بێ تۆمارەكان لە ماوەی ساڵی 2022، فەرمانگەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆماركردنی خانووبەرە، هەشت هەزار و ١٣١ كارتی زەوییان تۆمارکردووە”.

ئاماژە بەوەشكراوە ”حەوت هه‌زار و 500 كارتی زەوی لە بەڕێوەبەرایەتیی تۆماركردنی تۆماری دووەمی هەولێر لە كەرتی باغەمرە ئەفەندی و 631 كارتی زەوی لە بەڕێوەبەرایەتی تۆماركردنی خانووبەرەی عەنكاوە لە كەرتی 1ی گردجووتیار تۆماركراون”.

پێشتر، وه‌زیرى شاره‌وانى ساسان عه‌ونى رایگه‌یاندبوو،‌ 13 هەزار كارت ده‌كرێنه‌ سه‌نه‌د، ئه‌وانیش حەوت هەزار و 528 كارت له‌ باغمرە شهاب لە بەشی باغمرە ئەفەندی، سێ هەزار و 596 كارت له‌ گەڕەكی ژین لە دارەتوو، هەزار و 288 كارت له‌ بێریات و حزە، 638 كارت له‌ گردجووتیار لە بەشی كورانی نوێ، بەشێک لە كەرتی 95ی كەسنەزانیش كە 239 كارتە.

به‌پێی به‌دواداچوونه‌كانى +964، ته‌نیا له‌ شاری هه‌ولێر، 125 هەزار پارچە زەوی كارت بوونیان هه‌بووه‌، له‌و ژماره‌یه‌دا 35 هه‌زار زه‌وی كارت له‌ ساڵى 2021 تاپۆكراون و ئه‌وانه‌ى ئێستاش تاپۆ ده‌كرێن، بریتین له‌ هەشت هەزار و 131 زه‌وى كارت، ئه‌و زه‌وى كارتانه‌ش به‌بێ تاپۆ ماونه‌ته‌وه‌ ژماره‌یان 81 هه‌زار و 869 زه‌وى كارتن.

سەبارەت به‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ش كه‌ هاوڵاتى له‌ به‌رامبه‌ر هه‌ر زه‌وییه‌كى كارت بۆ تاپۆكردن ده‌یدات به‌ حكومه‌ت، پارێزه‌ر هیمداد عه‌لى، ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد كه‌ هه‌رهاوڵاتیه‌ك 700 هه‌زار دینار،‌ بۆ تاپۆكردنى ئه‌و زه‌وى كارتانه‌ ده‌دات.

هیمداد به‌ +964ى وت “هه‌ر هاوڵاتیه‌ك بڕى 400 هەزار دینار بۆ رسومات و به‌ناوكردنى زه‌وى كارته‌كه‌ ده‌داته‌ حكومه‌ت، 300 هەزاریش بۆ خەرجی پارێزەر و خەرجیەکانی دیکە ده‌دات”.