دژە تیرۆری کوردستان وا دەڵێت

هێرش کرایە سەر بنکەی هاوپەیمانان لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر

964+

شۆڕش هەرکی – هەولێر

کەمێک لەمەوبەر چەند هاوڵاتیەک لە کۆمەڵگەی سێبیران گوێیان لە دەنگی تەقینەوەیەکی گەورە بووە لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر کە بنکەی هاوپەیمانانی لێیە.

سێ کەس لە سێ شوێنی کۆمەڵگەی سێبیران بیستنی دەنگێکی گەورەیان لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر پشتڕاستکردەوە.

گروپێک کە ناویان لە خۆیان ناوە “مقاوەمەی ئیسلامی” کاتژمێر 9:14ی ئەمشەو لە بەیاننامەیەکدا رایانگەیاند، بەفڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشیان کردوەتە سەر بنکەی هاوپەیمانان لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر.

دژە تیرۆری کوردستان لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر خرایە خوارەوە.

بەگوێرەی راگەیەنراوەکەی دژە تیرۆری کوردستان، خرانەخوارەوەی درۆنەکە کاتژمێر 8:58 خولەک بووە، ئەوەش هاتووە، ئەو درۆنە بۆمبڕێژکراوە “لەلایەن میلیشیا لەیاسا دەرچووەکانەوە ئاراستەی بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کرابوو، تێکشکێندراو خرایە خوارەوە”.