منداڵێک لە نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی چارەسەر وەردەگرێ _ وێنە: 964
"بەهۆیەوە منداڵ مردووە"
باژەڵە کردارێکی تەندروست نییە بۆ دەرکردنی غازات لە سکی منداڵدا
964+
ئەحمەد مستەفا
بە قسەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان بێت لە سلێمانی، بەکارهێنانی کرداری باژەڵە نەک درووست نییە بەڵکو ژیانی چەندین منداڵی ئەم وڵاتەی کۆتایی پێهێناوە.
باژەڵە بڕینی سکی منداڵە بە مووس لەلایەن دایک و باوکی منداڵەکەوە، “بەهۆکاری ئەوەی منداڵەکە غازاتی هەیە”.
کرداری باژەڵە هەندێکجار ئیلتهابێکی زۆری خوێن درووستدەکات کە چارەسەرەکەی زۆر گرانە و لەوانەیە بە مردنی منداڵەکە کۆتایی پێبێت، دکتۆر پشدەر عەبدوڵا پسپۆری نەخۆشییەکانی منداڵان و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان لە سلێمانی لە بڵاوکراوەیەکدا کە وێنەیەکی بۆ 964 نێردراوە، ئەو کردارە بە تەواوی رەتدەکاتەوە.
دەشڵێت، نازانم چۆن ویژدانتان رێگەتان پێ دەدات کە ئەو هەموو ئازارو مەترسییە، بدەنە منداڵەکەتان تەنیا لەبەرئەوەی منداڵەکە بەهۆی حاڵەتێکی ئاسایی خەوتان لێ تێک دەدات، “تا ئێستا لەم شارەی خۆماندا چەندین منداڵ بە ئازارێکی زۆرەوە مردووە لەبەر باژەڵە”.
لە بارەی بوونی غازاتی منداڵ و نیشانەکانی، “غازاتی منداڵ گریانە بۆ زیاتر لە سێ کاتژمێر لە رۆژێکدا و زیاتر لە سێ رۆژ لەهەفتەیەکدا و بۆ ماوەی زیاتر لە سێ هەفتە، نزیکەی 25%ی منداڵ تووشی ئەم غازات و گریانە ئەبێت، لە تەمەنی شەش بۆ هەشت هەفتە بڕی ئەو گریان و غازاتە دەگاتە لووتکە”.
چۆن بتوانرێ ئەو غازاتە کەم بکرێتەوە؟
1- پێویستە منداڵەکە زۆر لە باوەش بگیرێت.
2- ئەتوانرێ بتڵێک ئاوی شلەتێن، لەسەر سکی منداڵەکە دابنرێ.
3- دایکانی شیردەر، هەوڵبدەن منداڵ لایەکی سنگت بەتاڵ بکاتەوە دواتر لاکەی تر.
4- هەوڵ بدە دەست بەسەر سکی منداڵەکەتدا بهێنیت لە شێوەی میلی کاتژمێر.
5- ئەو منداڵانەی کە شیری قووتو ئەخۆن باشترە جۆری شیرەکە بگۆڕن.
6- زوو زوو منداڵەکەت بخەرە سەر شانت.