کاتی بەردانی بۆرییە گیراوەکە - وێنە: شارەوانیی سلێمانی
رێنماییان پێدراوە
گەڕەکی هەشتی راپەڕین کێشەی گیرانی ئاوەڕۆکەیان چارەسەرکرا
964+
پێشەوا محەمەد
چەند هەفتەیەک بوو دانیشتووانی گەڕەکی هەشتی راپەڕین لە شاری سلێمانی بەدەست گیرانی ئاوەڕۆکەیانەوە گیریان خواردبوو، ئەمڕۆ سێشەممە شارەوانی بۆی چاککردن.
بە وتەی هەردی ئەرسەلان، دانیشتووی یەکێک لە کۆڵانەکانی گەڕەکەی هەشتی راپەڕین، کە بۆ 964 قسەی کردووە، رۆژانە لەسەرە مەنهۆڵەکانەوە پیسی ئاوەڕۆکە دەهاتە دەرەوە و لەناو کۆڵانەکان بڵاو دەبووەوە.
دەشڵێت، سەرەڕای پیسکردنی کۆڵانەکان بۆنێکی زۆر ناخۆشیشی بڵاوکردووەتەوە.
دانیشتووانی ئەو گەڕەکە هانا بۆ شارەوانیی سلێمانی دەبەن و ئەوانیش بەهانایانەوە دەچن.
“تیمەکانمان سەیری ئاوەڕۆکەیان کرد و بۆیان دەرکەوت بۆریی ئاوەڕۆکە لە چەند شوێنێک گیراوە بەهۆی فڕێدانی کەلوپەل و پەڕۆ بۆ ناو ئاوەڕۆکە و هەموو ئەو شوێنانەی کە بۆرییەکەی ێ گیرابوو چاککرانەوە”، ئەوە قسەی زەردەشت رەفیق، وتەبێژی شارەوانیی سلێمانییە بۆ 964.
شارەوانیی سلێمانی دانیشتووانی گەڕەکەکەی ئاگادار کردووەتەوە لەوەی ئەو پارچە کەلوپەلانەی دەبنە هۆی گیرانی بۆریی ئاوەڕۆکە، نەخەنە ناو مەنهۆڵەکان و کۆیبکەنەوە و بەجیا فڕێیبدەن.