شەش مناڵیان لەگەڵە
لە هەرێمى کوردستان 65 ژنى داڵدەدراو هەیە
964+
وریا فەتاح
ساڵى 2023 لە شێڵتەرى داڵدەدانى ژنانى سلێمانى، 258 داڵدەدراوە، بەڵام ئەمساڵ تەنها 20 ژن ماون، لەسەرتاسەرى هەرێمیش تەنها 65 ژنى داڵدەدراو هەیە.
بەپێى ئەو ئامارەى 964 لە ئاریان ئەحمەد، وتەبێژى وەزارەتى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتى وەرى گرتووە، لەئێستادا 65 ژنى داڵدەدراو و شەش منداڵ لە شێڵتەرەکانى هەولێر و سلێمانى و دهۆک و گەرمیانن.
لە شێڵتەرى داڵدەدانى ژنانى هەولێر 34 ژن کە شەش منداڵیان لەگەڵ هەن، لە سلێمانیش تەنها 20 ژن و لە دهۆک 10 ژن و لە گەرمیانیش یەک ژن هەیە.
ژیار جەلال، بەڕێوەبەرى چاودێرى کۆمەڵایەتى سلێمانى، لە قسەکردن بۆ 964 وتى،”خۆشبەختانە لە ئێستادا تەنها 20 ژن لە شێڵتەرى داڵدەدانى ژنانى سلێمانى هەن، لە کاتێکدا ساڵى رابردوو 258 ژنمان هەبووە کە 69 منداڵیان لەگەڵ بووە”.
لە شێڵتەرى داڵدەدانى ژنانى هەڕەشەلێکراوى سلێمانى سیستمێکى جیاواز پەیڕەو دەکرێت، چونکە ئەو ژن و کچانەش لەخۆیان دەگرن کە بێلانەن یان کێشەى دەرونییان هەیە و کەس نیە خزمەتیان بکات، بە وتەى ژیار جەلال، لە بۆشایى نەبوونى ماڵى بێلانەکان و وەک بەرپرسیارییەتییەک، ئەو ئەرکەیان خستووەتە سەر خۆیان و نەیانهێشتووە ئەو ژنانە بێلانە بمێننەوە.
لە شێڵتەرەکان، چارەسەرى تەندروستى و خواردن و جلوبەرگ بۆ داڵدەدراوان فەراهەمکراوە و ژیار جەلال دەڵێت: لە پاڵ ئەو پێداویستیانەدا، لە رێگەى یاساوە هەوڵى چارەسەرکردنى کێشەى ئەو ژنانە دەدەین کە توشى بوون.