دیمەنى یەکێک لە دارە بڕدراوەکان وێنە: پۆلیسى دارستان و ژینگەى سلێمانى
هەرکەسێک دارى تەمەن 100 ساڵ ببڕێتەوە
5 ملیۆن دینار سزاکەیەتى
وریا فەتاح
لەماوەى دوو رۆژدا، چەندین دار لە سنورى قەرەداغ بڕدراونەتەوە و وتەبێژى پۆلیسى ژینگە و دارستانى سلێمانیش دەڵێت: تۆمەتباران دەستگیر دەکەین و سزایان دەدەین.
بڕینەوەى چەند دارێک لە سنورى گوندەکانى تیمار و کانى رۆشنایى و هەڵدێرى سەر بە قەرەداغ، مەفرەزەیەکى بەشى پۆلیسى دارستانى قەرەداغ دەگەیەنێتە شوێنەکە و لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ دارەکە و ئەو کەسانە دەکەن کە دارەکانیان بڕیوەتەوە.
بەپێى راگەیەنراوێکى پۆلیسى ژینگە و دارستانى سلێمانى، چەندین دارى سروشتى و بەتەمەن بڕدراونەتەوە و سێ هاووڵاتیش رێکارى یاساییان لە دژ گیراوەتەبە.
هێمن کەمەرخان، وتەبێژى پۆلیسى ژینگە و دارستانى سلێمانى بۆ 964 قسەى کردووە و دەڵێت: هەرکەسێک دارى بەتەمەنى 100 ساڵ و سەروتر ببڕێتەوە، پێنج ملیۆن دینار سزاى پێبژاردنییەتى و بەندکردنیش دەیگرێتەوە.
“هەر کەسێک دارى تەڕى سروشتى ببڕێتەوە، لەشوێنى دارەکە 10 نەمامى پێ دەچێنرێت و بەپێى جۆرى سەرپێچییەکەشى لەلایەن دادگاوە سزا دەدرێت”، هێمن کەمەرخان واى وت.
ئەوەش لە کاتێکدایە، دوێنێش لە گوندى چەمى سمۆرەى سنورى قەرەداغ، لە کاتى بڕینەوەى دار هاوڵاتییەک دەستگیرکرا.
وەک ئەوەى هێمن کەمەرخان باسى دەکات، پاساوى ئەو کەسانە نەبوونى نەوت و سوتەمەنییە بۆیە دار دەبڕنەوە، بەڵام وەکخۆى وتى،”ئەو پاساوە قبوڵکراو نیە و لەژێر هیچ پاساوێک بڕینەوەى دارى تەڕ رێگە پێدراو نییە”.