ھاوڵاتییەک لە کەلار:
“خانووەکەمان رووخێنراوە و بەم سەرمایە نازانین بۆ کوێ بڕۆین”
+964
میلاد جەلال – گەرمیان
ھاوڵاتییەک دەڵێت ئەمڕۆ دووشەممە لیژنەکانی شارەوانی و ئاسایش ھاتوون بە شۆڤڵ خانووەکەیان رووخاندوە، کە خۆیان تێیدا نیشتەجێ بوون، شارەوانیش دەڵێت زیادەڕۆ بووە.
خانووەکە لە یەکێک لە باخەکانی گوندی ساڵح ئاغای ناحیەی قۆرەتووە لە ئیدارەی گەرمیان.
ھێمن نامیق کوڕی ئەو ماڵەیە کە خانوەکەیان رووخێنراوە، بە 964ى وت، “لەبەر نەبوونی لەناو ئەو باخە حەوت مانگ پێش ئێستا دوو ژوورمان دروست کرد و بە پەناڵ سەرمان گرت، بەڵام ئەمڕۆ لیژنە ھاتووە خانووەکەمانی رووخاند، بەبێ ئەوەی پێشتر ئاگادارمان بکەنەوە”
ئاماژەی بەوەش کرد، باخەکانی چواردەوریان ھەمووی خانووی تێدایە، ئەمڕۆ تەنیا خانووی ئەوان رووخێنراوە.
“چەند داوامان کرد رێگەمان پێبدەن، تا شوێنێک دەدۆزنەوە، ئێستا بەم سەرمایە بۆ کوێ بڕۆین، بەڵام گوێیان لێمان نەگرت”، ئەمە قسەی هێمن نامیقە بۆ 964
“بەم شەوە ساردە عەلاگەیەکمان داوەتە سەر کەوانتەرەکەمان و لایەک لە دیوارەکەدا و لە ژێری دانیشتووین، لەگەڵ باوک و دایک و خوشکەکانم و منداڵی بچوکیشمان ھەیە، بەم سەرمایە ھیچ شوێنێکمان نییە بۆی بڕۆین”، ھێمن وای وت.
ھێمن حەمید سەرۆکی شارەوانیی ساڵح ئاغا بە 964ى وت، “خانووەکە زێدەڕۆ بووە و رێگە بە زیادەڕۆ نادەین”.
ئاماژەی بەوەش کرد، ھەر جێگایەک 48 کاتژمێر پێش رووخاندن لەلایەن لیژنەکانەوە، خاوەنەکەی ئاگادار دەکرێتەوە، کە شوێنەکەیان چۆڵ بکەن.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا