"قەرم لە دری ئەفڕی"
باران مزگێنی بوو بۆ جوتیاران و رسقە بۆ شۆفێر تراکتۆرەکان
964+
ئاکام غەفور – سۆران
بارانبارینی چەند رۆژی رابردوو، تراکتۆرەکانی لە گەراج هێنایە دەرەوە و لە دەشتی هەریر هەر لایەک سەیر دەکەیت، تراکتۆر سەرقاڵی زەوی کێڵانە، بارانەکە لەگەڵ ئەوی جوتیارانی وەک گوڵ گەشاندەوە، بووە رسق و بەرەکەتیش بۆ شۆفێر تراکتۆرەکان.
فازیل ئیبراهیم، شۆفێر تراکتۆرە و قسەی بۆ مایکی 964 کردووە، ئەو دەڵێت، “پێش بارانەکە، تراکتۆرەکان هەموو لە ماڵەوە کەوتبوون، هەر تراکتۆرێکیش نزیکەی 20 گەڵا لە نرخەکەی دابەزیبوو، باران نەبێ تراکتۆریش ئیشی نابێ”.
“ئێستا بازاڕمان گەرمە و فریای هیچ ناکەوین، لە کاتژمێر 5ـی بەرەبەیان لە ماڵ دێینەدەر تا کاتژمێر 12:00 شەو ناڕۆینەوە، بەم شێوەیەش هەر فریا ناکەوین”، فازیل ئیبراهیم وادەڵێت.
ئەو سایەق تراکتۆر بە زاراوە شیرینەکەی دەشتی هەریر لەبارەی وەزعی جوتیاران لە ئێستادا دەڵێت، “جوتیارەکان، مەوزوعی کوردی هەیە دەرێ، قەرم لە دری ئەفڕی، ئەوەیە، لەگەر ئەو بارانەی هەموو وەکی گورێکی گەشبوونەوە”.
بەپێی ئاماری کشتوکاڵی هەریر، پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ نزیکەی 71 دۆنم زەوی، لە دەشتی هەریر بە گەنم و جۆ دابچیندرێت.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری