چارەسەر چییە؟
بێ کارەبایی دانیشتووانی کەلاری نوێی ھێنایە سەر شەقام
+964
میلاد جەلال – گەرمیان
دانیشتووانی گەڕەکی کەلاری نوێ لە قەزای کەلار بەھۆی نەبوونی کارەبا، ئەمشەو سێشەممە، ھاتنە سەر شەقامی سەرەکی کەلار – کفری و خۆپیشاندانیان ئەنجام دا، کارەبای گەرمیانیش دەڵێت، کارەباکەیان شۆرتی تیدایە.
گەڕەکی کەلاری نوێ ، پرۆژەیەکی وەبەرھێنانە و لەلایەن کۆمپانیایەکەوە دروست کراوە.
یاسین زەیدعابدین، یەکێکە لە دانیشتووانی گەڕەکەکە و بە 964ى وت، “سێ رۆژە تەنیا کاتژمێر و نیوێک کارەبای نیشتمانیمان ھەبووە ، بارانێک ببارێت کارەباکەمان تێکەچێت ، ئەوە سێ رۆژە ئاوی گەرم نییە و خۆم نەشۆردووە”.
ئاماژەی بەوەش کرد، کەس خۆی ناکات بە خاوەنیان، کۆمپانیای جێبەجێکاری پرۆژەکە کێشەکان چارەسەر ناکات و بەرپرسانی سنوورەکەش دەڵێن لەسەر کۆمپانیاکەیە.
ئالان ئەرکان، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای گەرمیان بە 964ى وت، “پرۆژەکە کۆمەڵێک گرفتی ھەیە، تا ئێستا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکەمانەوە کارەباکەی وەرنەگیراوە، کارەبای ئەو پرۆژەیە ئەندەر گراوندە، شۆرتی تێدایە، بۆیە کارەبایان نییە”.
ئاماژەی بەوەش کرد، بەڵێنیان بە دانیشتووانەکەی داوە سبەینێ تیمێکی چاکسازی کارەبای گەرمیان بنێرن کێشەکەیان بۆ چارەسەر بکەن.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا
