گوڵەباخ لەناو سەرمای پێنجوێن هەر گەشە. وێنە:964+
رووداوێکی دەگمەنە
لەناو سەرما و بەفری پێنجوێن گوڵەباخەکان هەر گەشن
964+
کامیار کەمال – پێنجوێن
لە حاڵەتێکی دەگمەن و کەم وێنەدا، لەناو بەفر و بەستەڵەکی پێنجوێن، گوڵەباخێک گوڵی گرتووە و گەشاوەتەوە.
محەمەد کەمال خوێندکاری ماستەر لە بەشی پاراستنی روەک لە زانکۆی سەڵاحەدین بە 964ی راگەیاند، بوونی حاڵەتێکی لەم شێوەیە لەم وەرزی زستانەدا زۆر زۆر دەگمەن و کەم وێنەیە و هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ کەش و هەوای لەبار.
وتیشی، بەهۆی ئەو کەش و هەوایەی کە هەیە، دارەکانیش دەستیان کردووە بە چالاکی لەناو خۆیاندا و نەشونما دەکەن، بەڵام ئەوە بە زیان بۆ دارەکان دەشکێتەوە، چونکە لە سەرمایەکی بەهێزدا بە تەواوی وشک دەبێت و لە بەهاردا چیتر نابوژێتەوە.
مونیرە ئیبراهیم، خاوەنی ئەو باخچە بچوکەیە کە گوڵەباخەکان تیایدا گەشاوەنەتەوە بە 964ی راگەیاند، “بینیومە لە پایزدا گوڵەباخ گوڵی گرتووە، بەڵام لەم وەرزەدا یەکەمجارە ئەوە دەبینم بە تایبەت لەم وەرزی زستان و سەرمایەدا و لەقەزایەکی ساردی وەک پێنجوێن”.
گوڵەباخ ناوە زانستیەکەی (Damask rose)ە، بەهۆی بۆنە خۆشەکەی لە پیشەسازی دروستکردنی بۆن بەکاردێت، لەزۆر شوێن وشک دەکرێتەوە و تێکەڵ بە خواردنەوە گەرمەکانی وەک چا دەکرێت.