ساتى چاندنى دارەکان لەناو شێڵتەرى سەگە بیلانەکان وێنە: بەڕێوەبەرایەتى ئەندازەى پارکەکانى هەولێر
دەستکرا بە چاندنیان
دوو هەزار دار سەگە نێر و مێییەکانى ناو شێڵتەرى هەولێر لە یەکترى جیا دەکاتەوە
964+
وریا فەتاح
زیاتر لە دوو هەزار دار لەناو شێڵتەرى سەگە بێلانەکانى هەولێر دەچێنرێت و سەگە نێر و مێییەکانى ناو شەڵتەرەکەش لە رێگەى دیوارێک و چاندنى دارەکانەوە لە یەکترى حیادەکاتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەلایەن تیمەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتى ئەندازەى پارکەکانى هەولێر دەستکرا بە هەڵمەتی چاندنی زیاتر لە دوو هەزار دار لە جۆرى کالیبتۆز و شیشەم و ئەلبیزیا، لەناو شێلتەری سەگە بێلانەکانى هەولێر.
سەروەر وەیسى کەریم، لێپرسراوى راگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتى ئەندازەى پارکەکانى هەولێر، لەبارەى هەڵمەتەکەوە قسەى بۆ 964 کردووە و وتى،”بە ئامانجی سەوزتر کردنی شێڵتەرەکە و ژینگەیەکی لەبارتر بۆ سەگە بێلانەکان، دەستمان کردووە بە چاندنى ئەو دارانە، چونکە سەوزایى شێڵتەرەکە ئەرکى ئێمەیە”.
“لە ناو شێڵتەرەوکە جیاکردنەوەى سەگە نێر و مێیەکان دەستیپێکردووە، ئەو دارانە لەو ناوەڕاستە دەچێندرێن و سەگە نێر و مێیەکان لە یەکترى جیا دەکاتەوە”. لێپرسراوى راگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتى ئەندازەى پارکەکانى هەولێر واى وت.
لە وەڵامى پرسیارى 964 لە بارەى دارى کالیبتۆز کە چاندنى قەدەغە کراوە، سەروەر وەیسى دەڵێت: راستە، ئەو جۆرە دارە ئاوى زۆرى دەوێت و لەناو شارەکان ناچێندرێت، بەڵام شێڵتەرەکە لە دەرەوەى هەولێرە و تەنیا یەک دوو مانگ پێویستى بە ئاودان هەیە و بەزوویش گەورە دەبێت، بۆیە بۆ ئەو شوێنە زۆر گونجاوە”.
ئەوەش لە کاتێکدایە، لە چوارچێوەی پلانی ساڵی 2023ى بەڕێوەبەرایەتییەکەدا، بەمەبەستی زیادکردنی رێژەی سەوزایی لە سنووری سەرۆکایەتی شارەوانیی هەولێر، لە رێگەی سێ نەمامگەی نموونەییەوە کە سەر بە ئەندازەی پارکەکانی هەولێرن، زیاتر لە 210 هەزار دار و گوڵ چێندراون و بڕیاریشە بۆ ئەمساڵ ژمارەکە بکرێت بە دوو ئەوەندە.