چەند هاوڵاتیەکی ئەو چوار گوندەی پیرەمەگرون کە سەرقاڵی چاککردنی رێگاکەن. وێنە:964+
لە پیرەمەگرون
هاوڵاتیانی لەسەر ئەرکی خۆیان رێگای سەرەکی گوندەکانیان چاک کرد
964+
بەرزان عوسمان – دوکان
بەهۆی خراپی رێگای سەرەکی هاتوچۆکردنیان هاوڵاتیانی چوار گوندی سنوری ناحیەی پیرەمەگروون لەسەر ئەرکی خۆیان و خێرخوازان ئەو رێگایە چاک دەکەن کە ئەو چوار گوندەی دەکەوێتە سەر.
پێشەوا خەسرەو دانیشتووی گوندی کانی چنار و یەکێک لەو هاوڵاتیانەی بەشداربووە لەو کارە هەرەوەزیە بە964ی وت، رێگای گوندەکەمان هێندە خراپ بوو زیانی بەچەندین ئۆتۆمبێل گەیاندووە.
ئەو هاوڵاتییە دەڵێت، “چەندینجار داوامان لە لایەنی پەیوەندیدار کردووە چاکسازی لەو رێگایەدا بکەن، بەڵام تائێستا بەدەم داواکەمانەوە نەهاتوون، بۆئەوەی چیتر هاوڵاتیان زەرەرمەند نەبن هەستاین بەچاکردنی رێگاکە”.
ئەو رێگایەی چاکیان کردووە، شەش کیلۆمەترە، هەر یەکە لە گوندەکانی چەرمەگا، تەڕەمارەکۆن، کانی چنار و قازان بە ناحیەی پیرەمەگروون دەگەیەنێت، هاوکات رێگای لاوەکی نێوان ناحیەی پیرەمەگروون بۆ قەزای بازیانیشە.