بەشێکی چەمی سوورەقەڵات لە شارباژێڕ - وێنە: پەیجی گوندی سوورە قەڵات
بەشێکیان ئاو دەکڕن
شارباژێڕییەکان چاویان لە بووژانەوەی چەمی سوورەقەڵاتە
964+
پێشەوا محەمەد
دانیشتووانی نزیکەی 15 گوندی شارباژێڕ چاویان لە بووژانەوەی چەمەکەی سوورەقەڵاتە، چونکە سەرچاوی ئاوی خواردنەوە و کشتوکاڵکردنیانە.
چەمەکە لە چەند ساڵی رابردوودا بەهۆی کەمبارانییەوە بووەتە چەند جۆگەیەکی بچووک و بەشێک لەو گوندانەی سوودیان لەو چەمە وەردەگرت، تەنانەت ئاوی خواردنەوەشیان بە تانکەر دەکڕن.
سەڵاح مستەفا، موختاری گوندی سوورە قەڵات بە 964ـی راگەیاند، هەموویان چاویان لە پڕبوونەوەی چەمەکەیە تا کێشەی بێئاوی ئەو گوندانەی شارباژێڕ چارەسەر ببێت.
وتیشی، “بەشک لە ماڵ و گوندەکان لەم چەند ساڵەدا بیریان لێداوە، بەڵام ئەوە چارەسەری بنەڕەتی نییە و بارانبارین و بووژانەوەی چەمەکە بۆ ئەم سنوورە زۆر بەسوودە”.
سنووری قەزای ماوەت 70 گوندی تێدایە.
بە وتەی کامەران حەسەن، قایمقامی قەزای ماوەت کە بۆ 964 قسەی کردووە، زۆرینەی کارێز و کانیاوی گوندەکانی شارباژیڕ وشکیان کردووە.