کەمپی خازر چیتر ئاوارە وەرناگرێت
دوای نزیکەی 9 ساڵ لە وەرگرتنی ئاوارە
میدیازان – سەعید محەمەد یونس – هەولێر
دوای نزیکەی نۆ ساڵ لە وەرگرتنی ئاوارەکانی موسڵ و پارێزگاکانی تری عێراق، پارێزگای هەولێر بڕیاری داوە چیتر ئاوارە لەکامپی خازر وەرنەگرن، چونکە حکومەتی عێراق هاوکارییەکانی کەمپەکەی بڕیوە.
لە دوای هاتنی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ و داگیرکردنی موسڵ، ئاوارەیەکی زۆر روویان کردە شارەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام دوای ئازادکردنەوەی و هێوربوونەوەی بارودۆخەکە بەشێکیان گەڕانەوە و ئێستا ٣ هەزار و ٢٠٠ خێزان لە کەمپی خازردا دەژین و تا پێش قەدەغەکردنیشی هەفتانە ١٠٠ خێزانی تر روویان لەو کەمپە دەکرد.
عارف بارزانی، بەرێوەبەری کەمپەکانی خازر، بە میدیازانی راگەیاند: رۆژانە خەڵکی موسڵ و دەوروبەری روو لە کەمپەکان دەکەن بۆ ئەوەی لە کەمپەکانی خازڕ نیشتەجێ بن، بەڵام پارێزگای هەولێر لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵ بە فەرمی وەرگرتنی ئاوارەکانی بۆ کەمپەکانی خازر راگرتووە.
کەمپی خازر دەکەوێتە پارێزگای هەولێر و ئاوارەکانی بەسەر کەمپی خازر و کەمپی حەسەن شام U2 دابەش کراون و ڤۆژانە ٤ کاتژمێر کارەبایان هەیە.
عارف بارزانی وتیشی: “وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لەمساڵدا تەنیا 3 جار کەلوپەل و پێداویستیی بەسەر ئاوارەکاندا دابەش کردووە، هاوکارییەکانی بۆ ئاوارەکان راگرتووە، تەنیا دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوکاریی کۆمپانیای گەلیاوەو رێکخراوە خێرخوازییە بیانییەکان هاوکاری دابەش دەکات.”