به‌شی نوێشی بۆ زیاد ده‌كرێت

چه‌ند به‌شێكی نه‌خۆشخانه‌ى پیرمام ده‌كرێنه‌ سیستمى ئه‌لیكترۆنى

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

چه‌ند به‌شێكى نوێ بۆ نەخۆشخانەی گشتى پیرمام له‌ ناوه‌ندى ئه‌م قه‌زایه‌ زیاد ده‌كرێن و سیستمى ئه‌لیكترۆنیش بۆ چه‌ند به‌شێكی داندرا.

ماوه‌یه‌كه‌ كارى نۆژه‌نكردنه‌وه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ى پیرمام ئه‌نجام ده‌درێت و ئه‌و به‌شانه‌ى بۆى زیاد كراون بریتین له‌ به‌شی چاره‌سه‌رى سروشتى و چاودێرى چڕ.

د. كامه‌ران عومه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رى نه‌خۆشخانه‌ به‌ 964ـى وت، له‌گه‌ڵ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى نه‌خۆشخانه‌كه‌یاندا هۆڵى چاودێری نه‌خۆش و ده‌رگاى سه‌ره‌كى نه‌خۆشخانه‌ دروستكراون و كراونه‌ته‌ سستمى ئه‌لیكترۆنى.

وتیشی “به‌شی چاودێرى سروشتی دروستكراوه‌و له‌ پلانیشماندایه‌ له‌ داهاتوو به‌شه‌كانى وه‌ك قه‌سته‌ره‌ى دڵ و هۆڵى نه‌شته‌رگه‌رى و چاودێری چڕیش دروست بكرێن”.

به‌ قسه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى نه‌خۆشخانه‌، بڕى 248 ملیۆن دینار لەسەر بودجەی پارێزگای هەولێر، بۆ ئه‌و كارانه‌ ته‌رخانكراوه ‌و له‌لایه‌ن رێكخراوێكیشه‌وه‌ هاوكارى مادى بۆ دروستكردنى به‌شی چاره‌سه‌رى سروشتى كراوه‌.