پێشتر ژیانى تێدابووه و ئێستاش مۆڵگه‌ى ئاژه‌ڵانه
ئه‌شكه‌وتێك له شێوه‌ى شانه‌ده‌ر له چیاى سه‌راورد دۆزرایه‌وه
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
ژینگه‌پارێزێك له چیاكانى سنوورى قه‌زاى هه‌ریر ئه‌شكه‌وتێكی بینیوه هه‌ر له ئه‌شكه‌وته مێژوویه‌كه‌ى شانده‌ر ده‌چێت و ده‌ڵێت، به‌پێی دیمه‌نه‌كانى ناو ئه‌و ئه‌شكه‌وته پێشتر ژیانى تێدا كراوه.
ئه‌شكه‌وته‌كه كه‌وتووه‌ته دامێنێ چیاى سه‌راورد و به ئه‌شكه‌وتى (مارا) ناسراوه.
سه‌راورد، یه‌كێكه له چیاكانى سنوورى هه‌ریر و له به‌نداوى كۆنى بێخمه ده‌ستپێده‌كات تا ده‌گاته سپیلك درێژده‌بێته‌وه.
سۆزدار ئه‌حمه‌د، گه‌نجێكی ژینگه‌پارێزه و دیمه‌نه‌كانى ناو ئه‌و ئه‌شكه‌وته‌ى بینیوه و به ڤیدیۆ و فۆتۆ تۆمارى كردوون، به 964ـى وت، شێوه‌ى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌م ئه‌شكه‌وته زۆر له ئه‌شكه‌وتى شانده‌ر ده‌چێت و له ده‌ره‌وه و ژووره‌وه‌شی ئاسه‌وارى دیوارى تێدابه‌جێماوه.
وتیشی “ژووره‌وه‌ى ئه‌شكه‌وته‌كه نزیكه‌ى پێنج هه‌زار مه‌تر دووجا ده‌بێت”.
به‌قسه‌ى ئه‌و ژینگه‌پارێزه ئێستا خه‌ڵكی سنووره‌كه مه‌ڕ و ماڵات له ناو ئه‌و ئه‌شكه‌وته به‌خێوده‌كه‌ن و بووه‌ته مۆڵگه‌ى ئاژه‌ڵه‌كان.
سۆزدار، ئاماژه به‌وه‌ده‌كات، بەپێی سەرچاوەکان سەدان ساڵ پێش ئێستا ژیانی تێدا بووە نیشانەی ژیانکردنی تێدا بەدی دەکرێت، بەڵام هیچ لێکۆلینەوەیەکی زانستی و شوێنەواری تێدا ئەنجام نەدراوە تا بزانرێت سەردەمی ژیانکردن بۆ چ کاتێک دەگەڕێتەوە.