چەندین داهێنان بۆ نابینایانی سلێمانی خرانەڕوو

964+

دیلان محەمەد – سلێمانی

لە رۆژی بڕایلدا چەند داھێنانێک خراوەتە خزمەتی نابینایانەوە کە دروستکراوی شاری سلێمانیە، سەرۆکی رێکخراوەکە دەڵێت، ھەوڵدەدەن نابینایان فێری خوێندنەوە و نوسین بکەین.

مامۆستا عوسمان خەلیفە، سەرۆکی رێکخراوی رۆشنایی دڵ بە 964+ی راگەیاند، لەژێر دروشمی “بینین لە پەنجەکانەوە، خزمەت بە داھێنانەوە”، ئەمڕۆ چوارشەممە، رێورەسمێک بۆ نابینایانی سلێمانی ئەنجامدرا.

نوسینی بڕایل، رێنوسێکە تایبەت بە نابینایان لە راستەوە دەنوسرێت و لە چەپەوە دەخوێندرێتەوە، لە بواری نوسین و رۆشنبیری و ئەدەب و ھەموو بوارەکانی دیکەوە لەلایەن نابیناوە دەنوسرێتەوە.

عوسمان خەلیفە ئەوەشی خستەڕوو، چەندین کتێب و گۆڤاریان دەرکردووە تایبەت بە نابینایان، چونکە نابینا کاتێک بیەوێت کتێبێک بخوێنێتەوە دەبێت داوا لە کەسێک بکات بۆی بخوێنێتەوە، بەڵام کاتێک بە پەنجەکانی خۆی دەیخوێنێتەوە ھەست بە ئاسودەیی دەکات.

باسی لەوەشکرد، ئەمڕۆ چالاکییەکیان سازکردووە کە دەیان کتێبی برایل لەناو رێکخراوەکەیاندا ھەیە، چەند داھێنانێکیان کردووە وەک رێکخراوی رۆشنایی دڵ.

وتیشی، یەکەم جار گۆچانی سپیان دروستکردووە، ئەمڕۆش قیبلەنمایان دروستکردووە تایبەت بە نابینایان، ئامێرێکیشیان دروستکردووە بە دەنگ فێری بڕایلیان دەکات، پەنجەی زیرەکیشیان دروستکردووە کە خانمان لەناو چێشتخانەدا دەتوانن بەکاریبھێنن، کراسیزیرەکیشیان دروست کردووە بۆ ئەو کەسانەی ھەردوو قۆڵیان نییە.

باسی لەوەشکرد، لە ئێستادا 600 ئەندامیان ھەیە و لق و نوسینگەیان ھەیە لە سەرجەم شار و شارۆچکەکان، بڕیاریشیانداوە ئەندامی زیاتر وەرنەگرن.

سەروەر عیزەت، یەکێکە لەو کەسانەی ئامێر بۆ نابینایان دروستدەکات، بە 964+ی راگەیاند، لە ساڵی 2018ەوە پەیوەندی کردووە بەو رێکخراوە، کۆمەڵێک بەرھەمی بەرھەمھێناوە، لەوانە گۆچانی زیرەک و کاتژمێری زیرەک و قیبلەنما بۆ نابینا کە بتوانێت ئاڕاستەی قیبلە دیاریبکات، پەنجەی نابینا بۆتێکردنی ئاو و ناھێڵێت بڕژێت و ئاگاداری دەکاتەوە.

باسی لەوەشکرد، یەکێک لەو داھێنانەی کە کردویەتی کراسێکە بۆ ئەو کەسانەی دەستیان نییە و ھاوکارییان دەکات لە داخستنی قۆپچەکانی، ئامێرێکیش کە تایبەت بەو رۆژە دروستیکردووە ئامێری خوێندنەوەی بڕایلە و فێری خوێندنەوەیان دەکات.

ئەو دەڵێت، نرخی یەک دانە لە ئامێری فێربوونی بڕایل نزیکەی 110 دۆلارە، سەرجەمیشیان لە سلێمانی دروستکراون.