داوای دامەزراندن دەکەن
ژمارەیەک لە پاسەوانە دانەمەزراوەکانی نەوت ئومێدیان لە دەست نەداوە
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
پاسەوانانی کۆمپانیای نەوتی باکوور 10 ساڵە مەشق و راهێنانیان کردووە، بەڵام تائێستا دانەمەزراون، ئەمڕۆ چوارشەممە ژمارەیەکیان گردبوونەوە و نارەزایەتییان دەربڕی.
ژمارەیان 551 پاسەوان بوو، لە ساڵی 2013 مەشق و راهێنانەکەیان پێکرا، لەو ژمارەیە 150 پاسەوانیان دامەزران، بەشێکیان بەهۆی زۆری چاوەڕوانییەوە نائومێد بوون و دەستیان لەو هیوایە هەڵگرت، ئەوەی ماوەتەوە نزیکەی 250 پاسەوانی مەشقپێکراون و دەیانەوێت بە فەڕمی دابمەزرێن.
کۆمپانیای نەوتی باکور: چاوهڕێی وەزارەتین بۆ ههناردهكردنهوهى نهوت
ئەمڕۆ چوارشەممە 27.12.2023، مالک ئەحمەد یەکێک لە پاسەوانەکان بە 964 ی وت، “نوسراوی فەرمیمان هەیە و هەروەها بڕیاری کارگێریمان هەیە بەڵام واستەمان نیە، داواکارین دابمەزرێین، هاورێکانمان لە پارێزگاکانی دیکە دامەزراون تەنیا ئێمەین بە چارەنووس نادیاری ماوینەتەوە”.
سەرچاوەیەک لە راگەیاندنی کۆمپانیای نەوتی باکور بە 964ی وت، “نیشاندانی رەزامەندی بە دامەزراندنیان، لەلای وەزارەتی نەوتی عێراقە نەک ئێمە، هەرکات وەزارەت رەزامەندی دەستبەکاربوونی بۆ دەرکردن ئێمە کێشەمان لەگەڵ دەستبەکاربوونیان نابێت”.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا