حاسڵاتی ئێوارە

بۆ جاری چوارەم پەیوەندییەکانی غەزە پچڕا و لە هیند هێرشکرایە سەر ئیسڕائیل

964+

ژووری هەواڵ

کەمێک لەمەوبەر بۆمبێک لە نزیک باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە نیودەلهی هیندستان تەقییەوە، بەڵام هیچ یەکێک لە کارمەندانی باڵیۆزخانەکە زیانیان پێ نەگەیشتووە.

ئەم پاشنیوەڕۆیە بینراوە فڕۆکەی ئیسرائیلی بە ئاسمانی لوبناندا سوڕاونەتەوە و چوونەتە سەر بەیروتی پایتەخت، میدیاکانی لوبنان دەڵێن ئەوەی ئەمڕۆ روویداوە هەڕەشەو پەیامێکی روونە لە ئیسرائیلەوە.

دەستەی پەخشی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە: سوپای ئیسرائیل بەشێوەیەکی نیمچە یەکلاکەرەوە شوێنی خۆ حەشاردانی یەحیا سنواری کەسی یەکەمی حەماس لە غەزە دەزانێت، بەڵام مەزەندە دەکەن ئەگەر دەستیان پێی بگات ئەوا دیلەکانی ئیسرائیل وەک قەڵغانی مرۆیی بەکار بهێنێت.

کۆمپانیای پەیوەندییەکانی بالتل رایگەیاند: بەتەواوی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت و مۆبایل لە غەزە پچڕاوە، لەسەرەتای شەڕەوە ئەمە چوارەمین جارە پەیوەندییەکان دەپچڕێن.

تا دێت ژمارەی کوژراوو بریندارانی غەزە هەڵدەکشێت، وەزارەتی تەندوروستی غەزە رایگەیاند: لە حەوتی ئۆکتۆبەرەوە تا ئەم پاشنیوەڕۆیە 20915 کەس لە غەزە کوژراون و 54918 کەس برینداربوون.

وتەبێژی حکومەتی ئیسرائیل دەڵێت: ناتوانین هیچ کاتێک دەستنیان بکەین بۆ ئەوەی ئیتر حەماس نەتوانێت لە غەزەوە ئیسرائیل موشەکباران بکات، بەڵام بە دڵنیاییەوە ناهێڵین ئەوە بەردەوام بێت.