دوای سەعات و نیوێک شۆفێرەکەی رزگارکرا
تانکەرێکی سووتەمەنی لە ملەکەوە کەوتە سەرلا
964+
کامیار کەمال – پێنجوێن
لە رووداوێکی هاتوچۆدا لەسەر ملەکەوەی پێنجوێن تانکەرێکی سووتەمەنی کەوتە سەرلا و شۆفێرەکەی دوای یەک کاتژمێر و نیو رزگار کرا.
ملی شۆفێرەکە کەوتبووە نێوان گاردرێڵی شەقام و ئەوەش وایکرد دەرهێنانی بریندارەکە زۆر زەحمەت بێت.
محەمەد رەحمان رێگەپێدراوی پۆلیس لە بنکەی هاتووچۆی ناحیەی ناڵپارێز لە قەزای پێنجوێن بە 964ـی راگەیاند، بەهۆی تەڕی رێگاوبان وتیژڕەوی و قورسی تانکەرەکە رووداوەکە روویداوە و کە لە کۆنترۆڵ دەرچووە نەتواندراوە بارهەڵگرەکە رێک بکاتەوە و کەوتوەتە سەرلا.
وتیشی، بەهۆی ئەوەی ملی شۆفێرەکە کەوتووە بەینی گاردرێڵی جادەکەوە دەرهێنان و راستکردنەوەی ئەو بارهەڵگرە پڕ لە بەنزینە زۆر سەختبووە چونکە بەهەر جوڵەیەک، دەبووە هۆی گیان لەدەستدانی شۆفێرەکە.
وتیشی، لەو کاتەدا تانکەری بارهەڵگرەکە تەقیوە و مەترسی لەسەر گڕگرتنی هەبووە و بەڵام بارانی بەهێز و لەوکاتە ئەو مەترسیەی کەمکردوەتەوە و دوای رێککردنەوەی لە ئێستادا هاتوچۆ ئاساییە.
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەی گشتی پێنجوێن بە 964ـی راگەیاند، شۆفێرەکە هەردوو دەستی و هەردوو مەچەکی بەتەواوی شکاوە لەگەڵ سەریدا و دوای گەیاندنی بەنخۆشخانە چارەسەری پێویستی بۆ کراوە و رەوانەی سلێمانی کرا.
لەبارەی ئەو کەسەوە، سەرچاوەکە زانیاری زیاتری خستەڕوو رایگەیاند، ئەو کەسە تەمەنی 45 ساڵ بووە و خەڵکی نەغەدەیە لە رۆژهەڵاتی کوردستان.
پێداچوونەوە: توانا نەقی