مەترسی دروستکردووە
ئاستی ئاوی گەلی زەنتا بەرزبووەتەوە و چەندین کەپری گەشتیاری راماڵییوە
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
لە گەلی زەنتا ئاستی ئاو بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و چەندین کەپری گەشتیاری راماڵیوە، خاوەنی کەپرێکی گەشتیاری دەڵێت، ئەوە دوو ساڵە بە هەمان شێوە زیانمان بەردەکەوێت.
هندرێن عەبۆ، خاوەنی شوێنی گەشتیارە لە گەلی زەنتا لە سنووری ناحیەی دینارتە بۆ 964 قسەیکردووە دەڵێت، “ئەمڕۆ ئاستی ئاو بەجۆرێک بەرزبووەتەوە، چەند کرێکارێکمان لەو شوێنە گیریان خواردووە و نەیانتوانیوە دەزباز بن، زیانێکی زۆر بەر کەپرەکانمان کەوتووە و ساڵی پاریش هەمان شت روویدا و قەرەبوو نەکراینەوە”.
موحسین ئەحمەد، بەڕێوەبەری رێگاوبانی ئاکرێ بە 964ی وت، ئەمرۆ لە دوای نیوەڕۆ ئاستی ئاوی گەلی زەنتا زۆر بەرز بووەتەوە و گەیشتووەتە سەر رێگای سەرەکی گەلی زەنتا، بەرێگاوەین بۆ ئەوەی تیمەکان فریای ئەو شوێنانە بکەون کە پێویستیانە.
حەجی ئاکرەیی، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ئاکرێ بە 964ی وت، زیانەکان بەر هەردوو هاوینە هەواری زەنتا و پیرس کەوتووەتەوە، ژمارەیەکی زۆری کەپرەکانی راماڵیوە، لەماوەی ساڵێکدا ئەوە سێیەم جارە ئاستی ئاوی گەلی زەنتا هێندە بەرز دەبێتەوە.
گەلی زەنتا، ناوچەیەکی گەشتیارییە لە سنووری ناحیەی دینارتە لە رۆژهەڵاتی قەزای ئاکرێ.