بۆ هەموو پارێزگاکانە
نرخی پسوڵەی بەشێک لە نەخۆشخانەکان کراوەتە دوو هێندە
964+
ژووری هەواڵ
وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر داوایەکی وەزارەتی تەندروستی بۆ زیادکردنی نرخی پسوڵەی بەشێک لە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان لە نەخۆشخانە حکومییەکان بەجۆرێک کە هەندێک لە نرخەکان بکرێن بە دوو هێندە.
بەگوێرەی نوسراوێک کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 21.12.2023، لەلایەن تەندروستی سۆران بڵاوکراوەتەوە و واژووی وەزیری دارایی لەسەرە، سەرجەم نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان ئاگادار کراون کە نرخی ئەو پسوڵەیە زیادبکەن کە بە بڕێک پارە لە دەوامی پاش نیوەڕاندا دەدرێت بە نەخۆش بۆ هەندێک خزمەتگوزاری.
د. رەهێڵ فەرەیدون، بریکاری وەزارەتی تەندروستی بە 964ـی راگەیاند، ئەم بڕیارە هەموو پارێزگاکان دەگرێتەوە و رێکخستنەوەی نرخە، لەلایەک نرخ زیادکراوە، بەڵام لە چەند لایەکی دیکەوە نرخ کەمدەکرێتەوە.
“ئەم زیادکردنە زیاتر لە ساڵێکە پلانی بۆ داڕێژراوە لەلایەن هەموو ئەندامانی دەستەی باڵای کلینیکە راوێژکارییەکان و نۆرینگە میلیەکان، مەرج نییە ئەم زیادکردنە بە یەک قۆناغ جێبەجێبکرێت، لە قۆناغەکانی دیکەدا نرخی چەندین جۆر لە شیکارییەکان دادەبەزێنرێت”، د. رەهێڵ فەرەیدون وای وت.
زیادکردنی نرخی پسوڵەکان بەم شێوەیە زیادکراوە:
– دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان لە هەزار دینارەوە بۆ دوو هەزار دینار
– نۆڕینگە پزیشکییە میلییەکان و ئێشکگرەکان لە دوو هەزار دینارەوە بۆ سێ هەزار دینار
– پسوڵەی کلینکە راوێژکارییەکان و پسۆڕیەکانی لە سێ هەزار دینارەوە بۆ چوار هەزار دینار
لە نوسراوەکەی وەزارەتی داراییدا هاتووە، کە ئەم بڕیارە پاڵپشتە بە نوسراوی ژمارە 8445ـی ئەنجومەنی وەزیران لە رێکەوتی 11.7.2023.