حكومه‌تى عێراق بێده‌نگی ده‌شكێنێت

منداڵه‌ ونبووه‌كانی هەڵەبجە عێراق و ئێران كۆده‌كاته‌وه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

بڕیاره‌ له‌ چه‌ند رۆژى داهاتوودا، شاندێکى عێراق بچێتە ئێران بابه‌تى سه‌ردان و كۆبونه‌وه‌كانیشیان، دۆسیه‌ى منداڵانی ونبووی هەڵەبجەیه‌، ئه‌ندامێكی ئه‌و شانده‌ ده‌ڵێت، حكومه‌تى عێراق له‌سه‌ر ئه‌م كه‌یسه‌ بێده‌نگى ده‌شكێنێت‌.

به‌پێی ئاماره‌ فه‌رمییه‌كان ژماره‌ى منداڵه‌ ونبووه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌ 211 منداڵن، 74 خێزانی ئه‌و شاره‌ش خۆیان ناونووس كردووه‌ كه‌ منداڵیان لێ ونبووه‌، تا ئێستا حه‌وت منداڵ گه‌ڕاوه‌نه‌ته‌وه‌ به‌ڵام به‌شێكیان تا ئێستا شادبوونه‌وه‌یان به‌خێزانه‌كانیان یه‌كلایی نه‌بووه‌ته‌وه‌.

چرۆ حەمە شەریف، ئەندامی پەرلەمانی عێراق به‌ 964ـى راگه‌یاند “دوێنێ  بریكارى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى عێراق بۆ بابه‌تى منداڵه‌ ونبووه‌كان له‌هه‌ڵه‌بجه‌ بوو و له‌ ئاماده‌كاریدان بۆ ئه‌وه‌ى له‌چه‌ند رۆژى داهاتوودا سه‌ردانى ئێران بكه‌ن”.

چرۆ، یه‌كێكه‌ له‌و ئه‌ندامانه‌ى له‌گه‌ڵ شانده‌كه‌ ده‌چێته‌ ئێران، ده‌ڵێت نوێنه‌رانى شانده‌كه‌ وه‌زاره‌ته‌كانى كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى و ته‌ندروستى و داد و نوێنه‌رى هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌بن و بریكارى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ش سه‌رۆكایه‌تى ده‌كات.

دوو مانگ له‌مه‌وبه‌ر ئه‌م په‌رله‌مانتاره‌ به‌ فه‌رمى داواى له‌ په‌رله‌مانى عێراق كرد، كه‌ حكومه‌ت بێده‌نگی به‌رامبه‌ر منداڵه‌ ونبووه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌ بشكێنێت و ده‌ست به‌ سۆراغكردنیان بكات، ده‌ڵێت “په‌رله‌مان نووسراوى بۆ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ كرد و ئه‌وانیش وه‌ڵامیان دایه‌وه‌ و ئێستاش له‌ خۆئاماده‌ كردنین بۆ ئه‌م سه‌ردانه‌ى ئێران”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كردووه‌، كێشەی منداڵانی ونبوو كێشەیەكی گەورەیە و چارەسەرنەكردنی، حكومەتی عێراق لێی بەرپرسە، چونكە ده‌ڵێت “ئەم حكومەتە میراتگری حكومەتی پێشووە، پێویستە هەماهەنگی لەگەڵ بكرێت بۆ چارەسەرکردنى”.

پێشتر له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ لیژنه‌یه‌ك هه‌بوو كارى بۆ چاره‌نووسی ئه‌م منداڵانه‌ ده‌كرد، به‌ڵام به‌ قسه‌ى گوڵستان ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌رى نووسینگه‌ى مافى مرۆڤى هه‌ڵه‌بجه‌، لیژنه‌كه‌ هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌.

گوڵستان به‌ 964ـى وت “ئێستا لیژنه‌یه‌ك هه‌یه‌ كه‌ پارێزگا و كۆمه‌ڵه‌ى قوربانیان و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى شه‌هیدان تێیدا ئه‌ندامن”.

كه‌س نازانێت چه‌ند منداڵى‌ ونبوو له‌ هه‌رێمدا هه‌ی...

كه‌س نازانێت چه‌ند منداڵى‌ ونبوو له‌ هه‌رێمدا هه‌یه‌‌