بیرێکى دیکەى نەوت لێدەدرێت
بەرهەمهێنانى نەوتى هەرێمى کوردستان زیادى کردووە
964+
وریا فەتاح
بەپێى نوێترین راپۆرتى کۆمپانیاى DNOى نەرویجى، ئاستى بەرهەمهێنانیان لە هەرێمى کوردستان زیادى کردووە و لە ئێستادا خۆى دەدات لە 90 هەزار بەرمیلى رۆژانە.
بەپێى ئەو راگەیەنراوەى کۆمپانیاکە بڵاوى کردووەتەوە، لە چارەکى چوارەمى ئەمساڵدا، توانیویانە 65 هەزار بەرمیل و لە چارەکى سێیەمدا 26 هەزار بەرمیل نەوت، لە کێڵگەى تاوکێ، بەرهەمبهێنن.
هەرچەندە تێکڕاى بەرهەمهێنانى نەوت لە مانگى کانوونى دووەمى ئەمساڵ نزیکبووەتەوە لە 90 هەزار بەرمیلى رۆژانە، بەڵام وەک لە راگەیەنراوەکەدا خراوەتەڕو، ئاستى بەرهەمهێنانى نەوت لەلایەن کۆمپانیاکەوە لە مانگى سێى ئەمساڵ سفر بووە، ئەوەش بەهۆى راگرتنى هەناردەى نەوتى هەرێم لە رێگەى بۆڕى عێراق – تورکیاوە.
کۆمپانیاکە یەک بەرمیل نەوتى کێڵگەى تاوکێ بە نرخى 30 دۆلار بە کڕیارە ناوخۆییەکان دەفرۆشێت، ئەوەش بەمەرجى پارەى پێشوەختە و بە دۆلارى ئەمەریکى.
لەسەر ئەو بابەتە، بیژەن مۆساڤار رەحمانی، سەرۆکی جێبەجێکاری DNO وتى،”دڵنیاین ئەو ئاستەنگانەى هاتونەتە بەردەم DNO و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی دیکەی نەوت جارێکی دیکە چارەسەر دەکرێن”.
کۆمپانیای دی ئێن ئۆ، بەنیازە لە 2024دا بیرێکی دیکە لە ناوچەى بەعشیقە لە هەڵکەنێت، ئەوەش دوای دۆزینەوەیەک کە لە ساڵی 2019 ئەنجامدرا.
کۆمپانیای DNO ASA کۆمپانیایەکی نەوت و غازی نەرویجییە و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەریای باکوور و ڕۆژئاوای ئەفریقا چالاکە کۆمپانیاکە لە ساڵی 1971 دامەزراوە، پەرەپێدان و بەرهەمهێنان لە هەرێمی کوردستانی عێراق، نەرویج، بەریتانیا، کۆت دیڤوار، هۆڵەندا و یەمەن هەیە .