“مامۆستایانی پشدەر “وەرزی دووەمیش بایکۆت ناشکێنین
964+
محەمەد عەلی
مامۆستایانی ناڕازی و بەڕێوەبەری خوێندنگا ئامادەییەکانی پشدەر بڕیاریانداوە ئەگەر وەڵامی داواکارییەکانیان نەدرێتەوە، لە وەرزی دووەمی خوێندندا، خوێندنی پۆلی دوانزەی ئامادەییش رابگرن و تا جێبەجێکردنی مافەکانیان بەردەوام دەبن.
سامان محەمەد، ئەندامی دەستەی مامۆستایانی ناڕازی لە پشدەر بە 964ی وت، لە سۆنگەی دڵسۆزی و خەمخۆری و رەچاوکردنی هەستیاری قۆناغی دوانزەی ئامادەیی، مامۆستایان چوونەتە دەوام و نەیانهێشتوە قوتابیانی پۆلی دوانزە وەرزی یەکەمیان بفەوتێت، بەڵام ئەگەر داواکانیان جێبەجێ نەکرێت ئەوا لە وەرزی دووەم مامۆستایانی ئەو قۆناغەش لەگەڵ مامۆستایانی دیکە دێنە سەر شەقام و بایکۆت دەکەن.
وتیشی، گشت ئەو دەنگۆیانە رەت دەکەنەوە، کە گوایە داواکانیشیان جێبەجێ نەکرێت وەرزی دووەم بایکۆت دەشکێنن، بەڵکو دڵنیان بەردەوامی بایکۆتکردنەکە، مافەکانیان زامن دەکات، بۆیە لە وەرزی دووەمدا بە بایکۆتی قۆناغی دوانزە، بەردەوامی بە بایکۆت دەدەن.
دارشتنەوە: بەهرە محمد ئەمین