لە ناحیەی مانگێش

دیوار رووخا بەسەر دوو کرێکاردا و یەکێکیان گیانی لەدەستدا

964+

زەید کۆچەر – دهۆک

درەنگانی ئەم ئێوارەیە لە ناحیەی مانگێش دوو گەنج لە خانوویەکدا کاریان کردووە و دیوار بەسەریاندا رووخاوە و یەکێکیان گیانی لەدەستداوە.

خانووەکە لە خشت دروستکراوە، دوای ئەوەی ویستوویانە خشتەکان دەربهێنن و کاری خۆیان ئەنجام بدەن لە ماڵەکەدا لە ناکاو دیوار بەسەر هەردووکیاندا دەڕوخێت و یەکێکیان گیان لەدەست دەدات و ئەوەی تریش دۆخی تەندروستی باش نییە.

سەرچاوەیەکی تایبەت لە پۆلیسی مانگێش بە 964ـی وت، ئێوارەی ئەمرۆ شەممە ئاگادار کراینەوە لە رووداوێکی دلتەزێن کە دیوارێکی خشت رووخاوە بەسەر دوو کرێکاردا، خەڵکی گوندی بانەسۆرن لە ناحیەی مانگێش یەکێکیان گیانی لەدەستداوە و هاوڕێکەشی بریندارە.

وتیشی، تەمەنیان 20 بۆ 22 ساڵە و ئەو گەنجەی گیانی لەدەستداوە زیاتر لە 10خولەک لەژێر دیوارەکە ماوەتەوە و هەر لەوێ گیانیلەدەست داوە، کرێکارە بریندارەکەش دوای وەرگرتنی چارەسەر رەوانەی ماڵەوە کراوە.

ناحیەی مانگێش سەر بە ناوەندی قەزای دهۆکە و 45.5کم لە سەنتەری پارێزگای دهۆکەوە دوورە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی