لەبەر ئاژەڵ و باڵندەی کێوی
ژینگەدۆستانی دەربەندیخان داوای راگرتنی پرۆژەیەکی گەشتیاری دەکەن
964+
ژووری هەواڵ
رێگەی چوون بۆ ئەشکەوتی کونە شەم شەم لە قەزای دەربەندیخان خۆش دەکرێت و ئاسانکاری بۆ چوونی گەشتیاران دەکرێت، ئەمە پرۆژەیەکی گەشتیارییە و لە جێبەجێکردندایە، بەڵام ژینگەدۆستانی قەزاکە پێیان باش نییە و دژی وەستاونەتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 10.12.2023، قایمقامیەتی دەربەندیخان رایگەیاند، ئەشکەوتی کونە شەم شەم دەکرێت بە پرۆژەیەکی جوانی گەشتیاری و ئێستا لە قۆناغی یەکەمدا رێگەی چوون بۆ ئەشکەوتەکە چاک دەکرێت و شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێل بۆ ئەشکەوتەکە دروستدەکرێت.
قۆناغی یەکەمی پرۆژەکە بە تێچووی 46 ملیۆن و 250 هەزار دینار، لەسەر داهاتی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری دەربەندیخان، جێبەجێدەکرێت.
“لە داهاتووشدا سەرجەم قۆناغەکانی دیکەی پرۆژەکە جێبەجێدەکرێت بۆ ئەوەی بکرێتە پرۆژەیەکی جوانی گەشتیاری و گەشتیاران بتوانن سوودی لێ ببینن”، قایمقامیەتی دەربەندیخان وا دەڵێت.
سەرکەوت ئەبوبەکر، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دەربەندیخان بە 964ـی راگەیاند، لەلایەن ژینگەدۆستانەوە داواکارییەک هەیە بۆ ئەوەی شوێنەکە نەکرێت بە ناوچەیەکی گەشتیاری و مەترسی بۆسەر باڵندە و ئاژەڵە کێوییەکانی ناوچەکە دروستنەبێت.
“بەهۆی ئەو داواکارییەوە لەئێستادا پرۆژەکەمان راگرتووە و چاوەڕێی فەرمانێکی نوێ دەکەین”، سەرکەوت ئەبوبەکر وای وت.