مەرجەکان لە هەواڵەکەدان
ئەگەر خانووە زیادەڕۆکەت 16 مەرجی تێدا نەبێت تاپۆ ناکرێت
964+
پێشەوا محەمەد
شارەوانی سلێمانی رووبەڕووی خاوەن خانووە زیادەڕۆکان دەڵێت، مەرج نییە هەرکەس ناوی لە شارەوانی بڵاوکرایەوە خانووەکەی تاپۆ کرابێت و مەرجیش نییە بتواندرێت هەرچی داواکاری پێشکەش کرد خانووەکەی بۆ تاپۆ بکرێت.
شارەوانی سلێمانی ئەمڕۆ شەممە 9.12.2023 بڵاوی کردووەتەوە، بۆ ئەوەی خانووێکی زیادەڕۆ بڕیاری تاپۆکردنی بۆ دەربچێت پێویستە 16 مەرجی تێدابێت، کە پەیوەندی بە خاوەن و خانووە زیادەڕۆکەوە هەیە.
مەرجەکانی خاوەنی خانووی زیادەڕۆ بریتین لە:
*پێویستە ئەوەی داواکارییەکەی داوە عێراقی بێت.
*پێویستە داواکار تەمەنی یاسایى تەواو کردبێت.
*پێویستە پێش رێکەوتى 9.9.2022 داواکاری دابێت بە یەکە کارگێڕییەکان (پارێزگا، قایمقامیەت، ناحیە) بۆ تاپۆکردنی خانووە زیادەڕۆکەی، بۆیە ئەگەر لەو ماوەیەدا داواکاری پێشکەش نەکردبێ ئەوا خانووەکەی بۆ تاپۆ ناکرێت.
*پێویستە ئەوەی داواکارییەکەی داوە خاوەنی خانووەکە بێت، بۆیە ئەگەر کرێچی دەوڵەت یان کرێچی کەسێکی تر بێت یان پاش پێشکەشکردنی داواکارییەکە خانووەکەی فرۆشتبێ ئەوا بۆی تاپۆ ناکرێت.
*پێویستە ئەوەی داواکارییەکەی داوە خێزاندار بێت، بۆیە ئەگەر سەڵت بێت بۆی تاپۆ ناکرێت، چونکە سەڵت کێشەی نیشتەجێبوونی نییە، مەگەر داواکارە سەڵتەکە بەخێوکەر یان بەخێوکراوی کەسێک بێ و ئەمەش بە بەڵگەنامەی بەخێوکردن (حجة الإعالة) بسەلمێنێ و پەیوەندی نێوان بەخێوکەر و بەخێوکراویش لە پلە چوار تێپەڕ نەکات ئەوسا لەسەر سەڵتیش تاپۆ دەکرێت.
*پێویستە ئەو کەسەی داواکارییەکەی داوە خۆی و هاوسەرەکەی پێشتر بەپێی یاسای بەناوکردنی خانووە زیادەڕۆکان خانووی تریان بۆ تاپۆ نەکرابێت و هەروەها بەپێی ئەو یاسایەش قەرەبوو نەکرابنەوە، چونکە لەم یاسایەدا داواکار و هاوسەرەکەی بە یەک کەس دادەنرێن.
مەرجەکانی خانووە زیادەڕۆکە:
*پێویستە خانوو بێ، واتە زەوی و هەیکەل تاپۆ ناکرێت.
*پێویستە خانووەکە لەسەر موڵکی دەوڵەت دروستکرابێ، واتە تەجاوزی سەر موڵکی نیشتەجێی هاوڵاتی تاپۆ ناکرێ، بەڵکو ئەوە کێشەیەکی کەسییە لەنێوان خاوەنی زەوییەکە و ئەو کەسەی زیادەڕۆیی کردووەتە سەر موڵکەکەی و خۆیان یەکلایی دەکەنەوە یان رێگەی دادگا دەگرنەبەر.
*پێویستە خانووەکە بە زیادەڕەوی دروستکرابێ، بۆیە ئەگەر خانووەکە خانووی میری بێ یان رێکخراوەکان دروستیان کردبێ ئەوا تاپۆ ناکرێت.
*پێویستە خانووەکە پێش رێکەوتى 31.12.2020 دروستکرابێ، ئەمەش بە وێنەی سەتەلایتی بە ئاسانی دەسەلمێت و هەرکەسێک خانووەکەی پاش ئەو رێکەوتە دروستکردبێ بۆی تاپۆ ناکرێت.
*پێویستە خانووەکە لە پێش 31.12.2020 لەناو سنووری شارەوانیدا بووبێت، مەبەستیشمان لە سنووری شارەوانی سنووری ماستەرپلانە نەوەک سنووری قەدەغەی ماستەرپلان، بۆیە ئەگەر خانوویەک لەو رێکەوتەدا لە دەرەوەی سنووری شارەوانی بووبێ و دواتر کەوتبێتە سنووری شارەوانییەوە ئەوا تاپۆ ناکرێت.
*پێویستە خانووەکە لە دەرەوەی حەرەمی گوندەکان بێت، و حەرەمی گوندیش بەپێی نەخشەی کادسترۆی کشتوکاڵی دیاری دەکرێت نەوەک بەپێی نەخشەی شارەوانی.
*پێویستە خانووەکە بەپێی عورفی ناوچەکە شیاوی نیشتەجێبوون بێت، بۆ نموونە ئەگەر خانوویەکی ناو شاری سلێمانی بە لەوح و جەمەلۆن دروستکرابێ ئەوا تاپۆ ناکرێت.
*پێویستە خانووەکە ماڵی تێدا بێ، واتە ئەو خانووانەی چۆڵن و بۆ قازانج دروستکراون تاپۆ ناکرێن، چونکە ئەم یاسایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی قازانجی خەڵک دانەنراوە، بەڵکو بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نیشتەجێبوونی خەڵک دانراوە.
*لەم یاسایەدا تەنها یەک پارچەزەوی تاپۆ دەکرێت، بۆیە ئەگەر خانووەکە لەسەر زیاد لە یەک پارچە زەوییەک دروستکرابێ و سەرەپارچەی خانووەکە کەوتبێتە سەر زەوییەکانی چواردەوری ئەوا تەنها ئەو رووبەرەی بۆ تاپۆ دەکرێت کە زۆرینەی خانووەکەی لەسەر دروستکراوە.
*پێویستە جێخانووی خانووەکە لە نەخشەی شارەوانیدا نیشتەجێ بێ و بۆ مەبەستی نیشتەجێبوون دانرابێ، بۆیە ئەگەر خانوویەک لە باخچە یان شەقام یان خزمەتگوزاری یان زۆنی پیشەسازی یان زۆنی وەبەرهێناندا دروستکرابێ یان لەسەر تەوەری بازرگانی بێت ئەوا بە خانوویەکی دژەنیشتەجێ دادەنرێ و ئەگەر هەر پانزە مەرجەکەی تری تێدا بێ ئەوا دەڕوخێندرێ و بە پارچەیەک زەوی قەرەبوو دەکرێتەوە، بەڵام ئەگەر هەموو مەرجەکانی تری تێدا نەبێ ئەوا قەرەبووش ناکرێتەوە.