مەسەلەکە لۆگۆیە

لە ساڵی نوێوە چاوەڕوانی سزا بن

دیلان محەمەد جەزا

لە کۆبوونەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکاندا بڕیار لە سزادانی تاکسی بێ لۆگۆ درا، لە ساڵی نوێوە هەر تاکسییەک لۆگۆی پێوە نەبێت، سزا دەدرێت.

ئازاد ئەحمەد، کارگێڕی سەندیکای شۆفێران لە سلێمانی بە 964 وت، لە کۆبوونەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکاندا بڕیار درا، لە ساڵی نوێوە هەر تاکسییەک مامەڵەی لۆگۆی نەکردبێت، هاتوچۆ دەیگرێت و رەوانەی گواستنەوەی دەکات، بە بڕی 100 هەزار دیناریش سزا دەدرێت.

باسی لەوەش کرد، لە بارەی ئەو تاکسیانەی مامەڵەی لێدانی لۆگۆیان کردووە، بەڵام لۆگۆیان پێوە نییە، لەلایەن هاتوچۆوە بگیرێت بە 40 هەزار دینار سزا دەدرێت.

ئەوەیشی خستەڕوو، لە ماوەی رابردوودا بڕیار درا لێدانی لۆگۆ تا کۆتایی ئەمساڵ بێت، بەڵام بەهۆی دۆخی دارایی هاوڵاتیانەوە ماوەکەی درێژ کرایەوە بۆ ساڵی نوێ.

وتی: “تا ئێستا 15 هەزار و 246 تاکسی لۆگۆی لێداوە و نزیکەی 25 هەزار فۆڕم وەرگیراوە لەلایەن شۆفێرانی تاکسیەوە”.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا