محەمەد سەڵاح یاریزانی یانەی لیڤەرپوڵ. وێنە: X
بۆ دیاریکردنی باشترینی کیشوەری رەش
سەڵاح رکابەرە و مانێ ناوی لە ناواندا نەماوە
964+
سۆما حەکیم زادە
لیستى پاڵێوراوانى باشترین یاریزانى کیشوەرى رەش راگەیەنرا، محەمەد سەلاح و ئەشرەف حەکیمى و ڤیکتۆر ئۆسیمین، رکابەرى دەکەن، مانێ و مەحرەزیش پەراوێزخراون.
ئەمڕۆ یەکیتی تۆپی پێی ئەفریقا لیستی پاڵێوراوانی خەڵاتی باشترین یاریزانى کیشوەرەکەى بۆ ساڵى 2023 راگەیاند.
هەریەک لە محەمەد سەڵاحى میسرى و یاریزانەى یانەى لیڤەرپوڵ، ڤیکتۆر ئۆسیمینى نێجیرى و هێرشبەرى یانەى ناپۆلى، ئەشرەف حەکیمى مەغریبى و بەرگریکارى پاریس سانجێرمان، رکابەرى لەسەر بردنەوەى خەڵاتى باشترین یاریزانى کیشوەرەکە دەکەن.
هەریەک لە سادیۆ مانێى سەنیگالى کە ئێستا لە تەنیشت رۆناڵدۆ یارى بۆ نەسڕى سعودى دەکات و ریاز مەحرەزى جەزائیرى کە پێشتر براوەى ئەم خەڵاتەبوون، ناویان لە لیستى پاڵێوراواندا نییە.
بڕیارە رۆژى دوشەممەى داهاتوو، ئاهەنگەکانى دابەشکردنى خەڵاتەکانى باشترین یاریزانى کیشوەرى ئەفریقا دابەشبکرێن و بە دەنگى لیژنەى تەکنیکى فیدراسیۆنى تۆپى پێى کیشوەرەکە و رۆژنامەنوسانى وەرزشى و کاپتن و راهێنەرانی هەڵبژاردە نیشتمانییەکانی ئەفەریقا، باشترینەکان دیارى بکرێن.
پێداچونەوە: وریا فەتاح