کێشەیان لەگەڵ بارهەڵگرەکان هەیە
دانیشتوانی خەلەکان بەشێوەیەکی کاتی رێگاکەیان کردەوە
964+
بەرزان عوسمان – دوکان
لەم هەفتەیە ئەمە دووەمجارە دانیشتوانی ناحیەی خەلەکانی سەر بە قەزای دوکان رێگای سەرەکی هاتوچۆ دادەخەن، ئەمڕۆش بۆماوەی نزیکەی پێنج کاتژمێر رێگایان داخست و نەیانهیشت هیچ بارهەڵگرێک تێپەڕ بێت، دەڵێن تا یەکشەممە چارەسەری کێشەکانمان نەکەن دووبارە رێگاکە دەگرینەوە.
هاوڵاتیانی خۆپیشاندەری خەلەکان داوا دەکەن، جگە لەوەی پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا زیاد بکات، چیتر رێگە بە بارهەڵگر نەدرێت بە خەلەکان تێپەڕێت.
هیوا عمر یەکێک لە بەژداربوانی خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆ بە 964ی وت، لە خۆپیشاندانی یەکشەمەی رابردوو ماوەی سێ رۆژ مۆڵەتماندا تا کاتژمێرەکانی کارەبامان بۆ زیاد بکەن، بەڵام تائێستا ئەو داواکاریەمان جێ بەجێ نەکراوە.
ئەو هاوڵاتیە وتیشی، “جگە لە داواکاری کارەبا چیتر رێگە بەبارهەڵگرەکان نادەین بەناو سەنتەری ناحیەکەدا بڕۆن، چونکە بونەتە مایەی بێزاری و سەرچاوەی نەخۆشی بۆ هاوڵاتیان بۆ ئەو مەبەستەش ئەنجومەنێکمان پێکهێناوەو بۆ سەردانی لایەنە پەیوەندیدارەکان و چارسەرکردنی کێشەکان، تا یەکشەمەی داهاتوو دوا مۆڵەتە بارهەڵگرەکان بەناو سەنتەری ناحیەدابڕۆن”.
دەربارەی داواکاری هاوڵاتیان دەرباز قادر بەڕێوەبەری ناحیەی خەلەکان بە 964ی وت، “داواکاریەکانمان گەیاندووەتە سەرووی خۆمان، بەڵام پێیان راگەیاندووین ناتوانرێت کاتژمێرەکانی کارەبا زیادبکرێت”.
لەبارەی کێشەی تێپەڕبوونی بارهەڵگرەکان ئارام عومەر سەرۆکی شارەوانی خەلەکان بۆ 964 وتی “دەرخستەی دوو سایدکردنی رێگاکەمان ئاراستەی وەزارەتی ئاوەدانکردەوە کردووە، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە پرۆژەکە نەچۆتە بواری جێبەجێکردن و نازانرێت کەی بڕیاری لێدەدرێت”.
ناحیەی خەلەکان لە رووی ئیدارییەوە سەر بە قەزای دوکانە لە پارێزگای سلێمانی و ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 7000 هەزار کەس دەبێت.