شەقامی سەرەکی خەلەکان. وێنە :964
بارهەڵگرەکان بۆ هاوڵاتیانی خەلەکان بوون بە کێشە
964+
بەرزان عوسمان – دوکان
تەسکیی شەقامەکەی خەلەکان و زۆریی بارهەڵگر لەو رێگایە بووەتە هۆی بێزاریی دانیشتووانی خەلەکان، شارەوانییەکەی دەڵێت بە دووسایدکردنی ئەو کێشەیە نامێنێت.
سەرباز عەزیز، یەکێک لە دوکاندارەکانی سەر شەقامە گشتییەکەی خەلەکانە و بە 964ـی وت، “بەهۆی بارهەڵگرەکان هیچ ئۆتۆمبێلێکی بچووک ناوەستێت و بازاڕمان کز بووە، هەروەها مەترسیی رووداوی هاتوچۆ زۆرە و بەهۆی دوکەڵەکەشیانەوە ژینگەی خەلەکان پیس بووە”.
ناحیەی خەلەکان لە رووی ئیدارییەوە سەر بە قەزای دوکانە لە پارێزگای سلێمانی و ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 7000 هەزار کەس دەبێت.
ئارام عومەر، سەرۆکی شارەوانیی خەلەکان لە بارەی ئەو پرسەوە بۆ 964 وتی، “بۆ بەدوو سایدکردنی رێگای گشتیی ناوبازاڕی خەلەکان دەرخستەمان ئامادە کردووە و چەندین جار سەردانی وەزارەتی شارەوانی و ئەنجوومەنی وەزیرانمان کردووە بۆ جێبەجێکردنی کارەکانی ئەو پڕۆژەیە و لە هەوڵی بەردەوامداین”.
وتیشی، “بوودجەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بریتییە لە زیاتر لە ملیارێک و پێنجسەد ملیۆن دولار و بە هۆی قەیرانی دارایی نەتواندراوە جێبەجێ بکرێت”.
خەلەکان داوا دەکات رێڕەوەکانی ئاو پاک رابگیرێن
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد