کابینەی نۆ لە سێ ساڵدا 18 پڕۆژەی لە هەڵەبجە ئەنجامداوە

 964+

هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی

داهاتی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە ماوەی ساڵێکدا بە رێژەی 55٪ زیادیکردووە بەراورد بە ساڵی 2021 بە رێژەی 20٪ زیاترە لەوەی کە وەزارەتەکە پێشبینی کردووە.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار داهاتی سەرجەم فەرمانگەکانی سەر بە وەزارەتەکەی بۆ ساڵی 2022 ئاشکرا کردو دەڵێ: 306 ملیار و 250 ملیۆن دیناره.

بە وتەی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار کە دوێنێ یەکشەممە یەکی کانونی یەکەم قسەی بۆ فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم کردووە وتی، “15%ـی داهاتەکە لە هەر سەرۆکایەتییەکی شارەوانی پارێزگاکان و بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی ناو شارەکان و قەزاو ناحییەکان کراوەتەوە بە خزمەتگوزاری.”

زیاتر وتی، “لەو داهاتەی بەدەستهاتووە، 17٪ـی دیکەی خەرجکراوەتەوە بۆ پرۆژەی خزمەتگوزاری ئاو و ئاوەڕۆ”.

پێوەند بە 68٪ـەکەی دیکەش کە پارەکەی نزیکەی 200 ملیار دینار دەبێت، وەزیری شارەوانی روونی نەکردۆتەوە کە ئەو بڕە پارەیە کراوەتە داهات بۆ خەزێنەی حکومەت یان لە پڕۆژەی دیکەدا خەرج کراوەتەوە.

بەپێی ئاماری وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، لە سێ ساڵی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، 397 پرۆژە بە 31 ملیار دینار لەسەر داهاتی فەرمانگەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار جێبەجێ كراون.

جێبەجێكردنی پرۆژەكان لەسەر داهات بەپێی پارێزگا و سێكتەرەكان لە سێ ساڵی کابینەی نۆدا بەم شێوەیە بووە:

هەولێر: 112 پڕۆژە بە گوژمەی نزیكەی 11 ملیار دینار جێبەجێ كراون.

سلێمانی: 59 پڕۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 12 ملیار دینار جێبەجێ كراون.

دهۆك: 58 پڕۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 2 ملیار دینار جێبەجێ كراون.

هەڵەبجە: 18 پڕۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 156 ملیۆن دینار جێبەجێ كراون.

گەرمیان: 25 پڕۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 729 ملیۆن دینار جێبەجێ كراون.

راپەڕین: 25 پڕۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 4 ملیار دینار جێبەجێ كراون.