"لەوە دەچێ چەند رۆژێک بێت مردبێت"
لە شوقەیەک گەنجێک بە مردوویی دۆزرایەوە
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
درەنگانی شەوی رابردوو گەنجێکی تەمەن 35 ساڵە بە مردوویی لە شوقەیەکی گەڕەکی ماڵتای دهۆک دۆزرایەوە و هێشتا پزیشکی دادی دهۆک هیچ زانیاریەکی لەسەر هۆکاری مردنەکەی بڵاونەکردوەتەوە.
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی 964 لە نزیکی ئەو شوقەیە وەریگرتووە، “ئەو کەسەی مردووە خەڵکی ئاکرێیە و بەتەنیا لەماڵ بووە، گومان دەکرێت سێ رۆژ بێت مردبێت، چونکە ئەو کاتە زانرا کە خانەوادەکەی هاتوونەتە شوقەکە و بینیویانە مردووە”.
964 چەند جارێک پەیوەندی بە لایەنی پۆلیس و پزیشکی دادی دهۆک کرد، بەڵام هیچ کامیان وەڵامیان نەدایەوە، ئەوەی بەشێوەیەکی فەرمی لە لایەنی پەیوەندیدار دەستمانکەوت ئەوەیە، پشتڕاستی مردنی ئەو پیاوە کراوەتەوە، واتا رووداوی مردنە و کوشتن نەبووە، بەڵام هێشتا پزیشکی دادی دهۆک هیچ زانیاریەکی لەسەر هۆکاری مردنەکە دەرنەخستووە.