بارهەڵگر بەسەریدا دەڕۆن
لە رێگای مەرزی سەیرانبەن بەشێکی پردێک داڕووخاوە
964+
کامیار کەمال – پێنجوێن
لەسەر رێگای مەرزی نێودەوڵەتیی سەیرانبەن لە قەزای پێنجوێن، بە نزیکەی نیوەی پردێک داڕووخاوە.
پردەکە لەسەر رێگای مەرزی نێودەوڵەتیی سەیرانبەنە و رۆژانە هاتوچۆیەکی زۆری بارهەڵگری لەسەرە.
ئەمیر سۆفی جەمال، بەڕێوەبەری رێگاوبانی پێنجوێن (تا ئێستا بەڕێوەبەرایەتییەکە بە شێوەیەکی فەرمی نەکراوەتەوە) بە 964ی راگەیاند، لەبەر ئەوەی تا ئێستا بە شێوەیەکی فەرمی دەستیان بەکارەکانیان نەکردووە، ناتوانن هیچ بکەن.
وتیشی، ئەمڕۆ دووشەممە لیژنەیەکی تایبەتیان دەچێتە ناوچەکە و رووپێوی بۆ دەکەن، نووسراویش بۆ بەڕێوەبەرایەتیی رێگاوبانی سلێمانی دەکەن بۆ چاککردنەوەی رێگاکە.
سەیرانبەن دووەم مەرزی نێودەوڵەتییە لە قەزای پێنجوێن لە دوای مەرزی نێودەوڵەتیی باشماخ، لە 3.6.2022 بە فەرمی کرایە نێودەوڵەتی و هاتوچۆی بازرگانی و گەشتیاری تێدا دەکرێت و رووبەرەکەی 44 دۆنمە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا