بۆ کۆتایی مانگی دوانزە

دادگای فیدراڵی جارێکی دیکە دەنگدان لەسەر پێنج مادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی دواخست

ژووری هەواڵ

کەمێک لەمەوبەر دادگای فیدراڵی بڕیاریدا دانیشتنی تایبەت بە هەموارکردنی پێنج مادەی یاسای ژمارەی یەکی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوابخات بۆ 27.12.2023

ئەو مادانەی لە دادگای فیدراڵی سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە، هەریەکە لە مادەکانی (1، 9، 15، 22، 36)ی یاسای ژمارە 1ی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ساڵی 1992ی هەموارکراوە.

سکاڵاکە لەلایەن زیاد جەبار سەرۆکی پێشووی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان و  ئامانج نەجیب شەمعون ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی تۆمارکراوە.

وا بڕیارە رۆژی 25.2.2024ـی پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە هەرێمی کوردستان بەڕیوەبچێت و کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتی بکات.

بڕیار بوو رۆژی 5.11.2023 دادگای فیدراڵی لەسەر هەمان دۆسیە کۆبێتەوە، بەڵام دانیشتەنەکەی دواخست بۆ رۆژی یەکشەممە 19.11.2023 و ئەمڕۆ جارێکی دیکە ئەو دانیشتنە دواخرا.