بەنداوی دەربەندیخان - وێنە: 964+
بەغدا پارەی بۆ ناردوون؟
نۆژەنکردنەوەی بەنداوی دەربەندیخان لە قۆناغی کۆتاییدایە
964+
پێشەوا محەمەد
کارەکانی نۆژەنکردنەوەی بەنداوی دەربەندیخان لە قۆناغی کۆتاییدایە و بەڕێوەبەرەکەشی دەڵێت، پێویست بوو بەغدا دوو ملیار دیناریان بۆ بنێرێت، بەڵام تا ئێستا نەیناردووە.
964 دەزانێت ئەو شوێنانەی بەنداوەکە، کە بە بوومەلەرزە زیانیان بەرکەوتبوو نۆژەن کراونەتەوە و جادە و رێگاوبان و رووناکی بەنداوەکەش تەواو کراوە.
سامان ئیسماعیل، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان بە 964ـی راگەیاند، کارەکانی نۆژەنکردنەوەکە بە کۆتا هاتووە و هیچ ىوودجەیەکی دیاریکراویان لە بەغداوە پێنەگەیشتووە.
وتیشی، “بەنداو هەمیشە و هەموو کات کارکردنی تێدایە و پێویستی بە بوودجەی بەردەوام هەیە و پێویستە بەغدا ئەو پارەیەیان بۆ بنێرێت”.
بەنداوی دەربەندیخان دووەم گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستانە و بۆ گلدانەوەی سێ ملیار مەتر سێجا ئاو دروستکراوە، بەوتەی بەڕێوەبەری بەنداوەکە، ئێستا ملیارێک و 389 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدایە.
لەمانگی نیسانی ساڵی 2018 بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.1 لە دەربەندیخان و دەوروبەری دا و چەندین خانووی روخاند و زیانی بە بەنداوی دەربەندیخان گەیاند.
“بەنداوەکە سەلامەتە و دوای ئەوەی بوومەلەرزەش زیانی پێگەیاند، بەڵام ئاوەکەی سەرڕێژی کرد و هیچ کێشەیەکی نەبوو، چونکە سەرڕێژبوونی ئاو باشترین تاقیکردنەوەی ئاستی سەلامەتی هەر بەنداوێکە”، ئەوەش هەر قسەی سامان ئیسماعیلە.