ئەمساڵ بایی 186 ملیۆن دۆلار پرۆژە لە گەرمیان کراوە

964+
میلاد جەلال – کەلار

لە ماوەی ئەمساڵدا بە بڕی 186 ملیۆن دۆلار پرۆژەی بازرگانی و نیشتەجێبوون لە گەرمیان مۆڵەتیان پێدراوە.

 مۆڵەت بە سێ پرۆژەی بازرگانی دراوە بە بەھای پێنج ملیۆن دۆلار، ھەروەھا بە بڕی 181 ملیۆن دۆلار مۆڵەت بە پرۆژەی نیشتەجێبوون دراوە، بەڕێوەبەری وەبەرھێنانی گەرمیان وا دەڵیت.

ھونەر مەحمود، بەڕێوەبەری وەبەرھێنانی گەرمیان بە 964+ی وت، لە ئەمساڵدا بە نزیکەی 30 پرۆژەیان تەواوبووە کە پرۆژەی 15 ساڵی رابردوون، پرۆژەکان بریتین لە بازرگانی و پیشەسازی و کشتوکاڵی و نیشتەجێبوون.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئێستادا نزیکەی 15 پرۆژە بە بەھای 350 بۆ 400 ملیۆن دۆلار کارکردن تیایاندا بەردەوامە کە زۆرینەیان پرۆژەی نیشتەجێبوونن لە کەلار و کفری و رزگاری ، ژمارەیان نزیکەی 10 ھەزار یەکەی نیشتەجێبونە.

بە قسەی ئەو، لەسەر ئاستی کوردستان سێیەمین گەورەترین پرۆژەی دروستکردنی شیش، لە ناحیەی سەرقەڵای سەر بە قەزای کفریە، کە لەلایەن کۆمپانیای قەیوانەوە جێبەجێدەکرێت و لە سەدا 95ی کارەکانی تەواوبووە، رۆژانە توانای بەرھەمھێنانی ھەزار تۆن شیشی دەبێت و سەرەتای ساڵی تازە دەکەوێتە کار.

ھونەر مەحمود وتیشی، 26 پرۆژەی تر ئامادەکراوە و فریانەکەوتوون مۆڵەتیان پێبدرێت، کە بەھای ھەموو ئەو 26 پرۆژەیە نزیکەی یەک ملیار دۆلارە، سەرەتای ساڵی داھاتوو مۆڵەت بەو پرۆژانەش دەدرێت و دەستبەکار دەبن، کە پرۆژەکان پێکدێن لە پیشەسازیی، کشتوکاڵی، تەندروستی و بانک.