لە لیوای 20ـی هاوبەش

200 گەنجی دوزخورماتوو دامەزران

964+

سیروان خورشید – دوزخورماتوو

نزیکەی 200 گەنجی قەزای دوزخورماتو لەریزەکانی لیوای 20ی هاوبەش دادەمەزرێن.

لە چوارچێوەی رێككەوتنی وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ دروستكردنی دوو لیوای ھاوبەش ئەو دەرگای دامەزراندنە کرایەوە.

ئەمڕۆ شەممە، ئەوکەسانەی کە ناویان لە لیوای 20ـی هاوبەش هاتبوەوە، بەرێکەوتن بۆ بنکەکانی مەشق و راهێنان لەهەریەک لە شارەکانی کەرکوک و دیالە و و موسڵ.

حەمە چەوری جێگری فەرماندەی هێزەکانی پیشمەرگە لە سنووری قەزای دوزخوماتوو بە 964ـی وت، ئەمڕۆ ئەو کەسانە بەمەبەستی مەشق و راهێنان بەسەر سێ بنکەی سەربازییدا لە شارەکانی کەرکووک و دیالە و موسڵ دابەشبوون.

وتیشی 82 پێشمەرگە لە لیواکەی ئەوان لەگەڵیانن و سەرجەمیان دەچنە سەر وەزارەتی بەرگری عێراق دواتر لەگەڵ لیوایەكی دیكەی وەزارەتی بەرگری دوو لیوای ھاوبەشیان لێ دروست دەكرێت، لە سنووری كەركوك و دەشتی مووسڵ و مەخموور و دوزخورماتوو و خانەقین جێگیردەكرێن و بۆشاییە ئەمنییەکان کە مەترسی چەکدارانی داعشیان لێدەکرێت پڕدەکرێنەوە.

رۆژی دووشەممە، 27.11.2023 وەزارەتی بەرگریی عێراق داوایکرد، سەرجەم ئەندامانی لیوای 20ی هاوبەش لە رۆژی 2.12.2023 ـەوە پەیوەندی بە بنکەکانی راهێنانەوە بکەن کە بۆیان دیاریکراوە لە پارێزگاکانی کەرکووک، موسڵ و دیالە.

عه‌مید هێمن حه‌سه‌ن فه‌رمانده‌ی لیوای 20ـی هاوبه‌ش بە میدیاکانی راگەیاند، ئه‌ركی ئه‌و دوو لیوا هاوبه‌شه‌ پاراستنی ناوچه‌ی بۆشاییه‌ ئه‌منییه‌كان و رێگریكردنه‌ له‌ چەکدارانی رێکخراوی داعش بۆ به‌كارهێنانی ئه‌و ناوچانه‌ وه‌ک مۆڵگه‌.

پێداچوونەوە: توانا نەقی