دامەزراندنەکەی دیالە بەشی هیچ ناکات
964+
راژان باجەڵان – دیالە
ئەو دامەزراندنەی پارێزگای دیالە لە سەرەتای ئەم مانگەوە رایگەیاند بۆ سەرجەم قەزا و ناحیەکانی و بۆ دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان بەش ناکات بە پێی ئەوەی سەدان هەزار کەس فۆرمیان پڕکردووەتەوە.
لە 1.11.2023ـەوە دیوانی پارێزگای دیالە 7484 پلەی وەزیفی راگەیاند بۆ سەرجەم قەزا و ناحییەکانی پارێزگاکە کە 5613ـەی بۆ دەرچووی کۆلێژ و پەیمانگاکان دەبێت و تەنها 1871ی بۆ دەرچووی دواناوەندی دەبێت.
سەرچاوەیەک لە دیوانی پارێزگای دیالە بە 964ـی وت، ژمارەی ئەو فۆرمانەی تا ئەمڕۆ چوارشەممە، پێشکەش کراون لە سەرتاسەری پارێزگاکە 270 هەزاری تێپەڕاندووە و شاری خانەقین کە زۆربەی دانیشتووانی کوردنشینن لەو ژمارەیە تەنیا 318 کەسی بەردەکەوێت.
بەشی ڕاگەیاندنی دیوانی پارێزگای دیالە شلە روونکردنەوەکەیدا ئاشکرای کرد، کە ئەم دامەزراندنە بەشێوەی گرێبەست دەبێت و بۆ ماوەی سێ ساڵ بەردەوام دەبێت و موچەیان 300 هەزار دینار دەبێت.
سبەینێ پێنجشەممە، 30.1.2023 دوا رۆژی پێشکەشکردنی فۆرم دەبێت، فۆرمەکانیش بە پێی ژمارەی خاڵ دابەشدەکرێت و بە پێی ساڵی دەرچوون و خێزاندار و نمرە بەرزیی دەبێت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی